عەلی حەمەساڵح: بەپێی یاسای بودجەی عێراق هیچ بڕە پارەیەك لە بەغداوە بۆ هەرێم نایەت
  2021-06-24       438       

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بەپێی یاسای بودجەی عێراق هیچ بڕە پارەیەك لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان نانێردرێت و دەشڵێت: ئەو رێككەوتنەی لەسەر یاسای بودجەی عێراق لەنێوان هەولێرو بەغدا كرا، بۆ موچەی فەرمانبەران نەبو.

ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لەسەرەتای یاسای بودجەوە، وتمان: بەپێی ئەم یاسایەی كە بە رێککەوتن دەرچوێندرا، ھیچ بڕە پارەیەک بۆ ھەرێم نایەت. وتیان وا نییە. دەرکەوت وایە."

ئەوەشی وتوە"چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بەبێ بونی بنەمایەکی رون، ھەڵمەتێک ڕێکخرا، چەند کەسێک خۆیان کردە خاوەنی ھاتنی 200 ملیار دینار لە بەغداوە. بەدڵنیایی ھیچ بڕیارێک بۆ ھاتنی ئەو 200 ملیارە بونی نییەو دەبێت ئەو بەرپرسانەی ئەم مژدەیەیان بە خەڵکدا، ئێستا چی بڵێن."

بەبڕوای عەلی حەمەساڵح بەشێکی ھۆکاری نەھاتنی ئەم پارەیە "موزایەدە" بو، بەشە سەرەکیەکەش "نەبونی پشتیوانی یاسایی بو."

ئەو پەرلەمانتارە لەوبارەیەوە رونیكردۆتەوە كە "بەپێی یاسای بودجە، دەبێت ھەرێمی کوردستان نیوەی داھاتی ناوخۆو پارەی 250 ھەزار بەرمیلی ڕۆژانەو قەرزی بانکی ناوەندی و بانکی بازرگانی عێراق بداتەوە، ئەم بڕەی دەبێت ھەرێم بیداتە بەغدا زیاترە لەو ڕێژەیەی عێراق دەینێرێت. ئەمەش ھەڵەیەک بو بەسەر  وەفدی ھەرێم تێپەڕی لەکاتی ڕێککەوتن لەسەر بودجە."

هەروەها وتوشیەتی"مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەیویست لە دەرەوەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە، وەک سولفەیەک یان بڕێکی جێگیر بینێرێت، بەھۆی موزایەدەی حیزبی و شەخسی لێرەو جوڵاندنی چەندین لایەن لە بەغدا کازمی پاشەکشەی کردوە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "تاوەکو ئێستا لایەنی کوردی لە کاریگەری دەسەڵاتی وەزیری دارایی تێنەگەشتوە، ئەو ئێستا دەڵێ: من یاسای بودجە جێبەجێدەکەم و یاسای بودجەش ھێزی یاسایی زیاترە لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران."

عەلی حەمەساڵح جەختی كردۆتەوە كە "ئەستەمە ھیچ بڕە پارەیەک لە عێراقەوە بێت"و بڕوایشی وایە "رێگای دروست"و چارەسەر، ئەوەیە كە پێداچونەوە بكرێت "بە داھات و خەرجی نەوت کە ئێستا لە بەرمیلێک 22 دۆلاری بۆ خەزێنەی دارایی دەمێنێتەوە."

هەروەك پێشی وایە كە دەبێت "پێداچونەوە بە کۆی دۆسیەی خاڵە سنورییەکان" بكرێت لەگەڵ "وەرگرتنی باج لەو گەورە باجدەرانەی كە تا ئێستا باج نادەن."

پەرلەمانتارەكەی كوردستان، "جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و بڕینی موچەی ناشایستە"شی بە یەكێكتر لە رێگا دروستەكانی چارەسەر ناوبردوە.

بەرلەمە، ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبو،  ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری دارایی عێراق لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ لیژنەكەیان، سەبارەت بە پشكی هەرێم، وتویەتی، دوای حسابكردن بۆیان رونبۆتەوە كە "دەبێت لەئێستادا حکومەتی هەرێم بۆ ئەم چەند مانگەی پێشو بڕی 630 ملیۆن دۆلار بداتە حکومەتی فیدراڵ، واتە لەبری ئەوەی پارەی بۆ بنێرین قەرزدار دەرچو، بۆیە ئەگەر لەڕوی سیاسییەوە چارەسەر نەکرێت بەپێی بڕگەکانی یاسای بوجە هیچ بڕە شایستەیەک بۆ حكومەتی هەرێم ناڕوات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×