وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی دەکات
  2021-06-28       508       

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی دەکات و دەڵێت، حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەی لەو هێرشە دەستپێکردوە و رەتیدەکەنەوە وڵات ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان.

ئاوێنه‌: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر هێزێکی حەشدی شەعبی لە ناوچەی قائیمی سنوری نێوان عێراق-سوریا ئیدان دەکەن و جارێکی دیکەش دوپاتی دەکەنەوە کە حکومەتی عێراق رەتیدەکاتەوە وڵات ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان و ئەنجامدانی ژمارەیەک هەڵوێست و کاردانەوە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە.

ئاماژە بەوەشکراوە، جەخت دەکەنەوە لەپاراستنی سەروەری و یەکێتی خاکی عێراق ئەویش لەرێگەی هەماهەنگی و پەیوەندی دیپلۆماسی بۆ رێگریکردن لەدوبارەبونەوەی ئەو پێشێلکاریانە.

لای خۆیەوە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێگەیەکی لیوای 14ی حەشدی شەعبی لەسەر سنوری عێراق-سوریا لە لەقائیم کرایە ئامانج، ئاماری کوژراوەکان بۆ 7 کەس لەریزەکانی  کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا بەرزبوەتەوە.

پەیوەست بەم بابەتەش جۆن کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندوە، هێرشەکەی ئەمشەو بەفەرمانی جۆ بادین سەرۆکی ئەمریکا ئەنجام دراوە و  "هێرشی ئاسمانیی بەرگریکرانەی ورد"یان لە دژی چەند دامەزراوەیەک لەسەر سنوری نێوان عێراق و سوریا کردوەتە ئامانج، کە لەلایەن گروپی چەکداری "پاڵپشتیکراوی ئێرانی بەکارهێنراون".

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە لەوەڵامی ئەو زنجیرە هێرشانەدا کراوە کە ئەو گروپە چەکدارییانە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامیان داوە، سەرۆکی ئەمریکاش فەرمی پێکردون بە ئەنجامدانی کاری سەربازی زیاتر بەمەبەستی پەکخستن و بەرپەرچدانەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×