لە دێرەزور ئەمریكا وەڵامی سەرچاوەی بۆردومانكردنی هێزەكانی دایەوە
  2021-06-29       826       

دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، بە موشەك هێرشكرایە سەر بنكەیەكی هێزەكانی ئەمریكا لە كێڵگەی نەوتیی "ئەلعومەر" لە دێرەزور، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش رایگەیاند، هاوكات وەڵامی سەرچاوەی هێرشەكە دراوەتەوە.

ئاوێنە: پێشتر روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە راگەیەندراوێكدا وتبوی، چەند موشەكێك لە كێڵگەی نەوتیی "ئەلعومەر" لە پارێزگای دێرەزور لە سوریا كەوتونەتە خوارەوە كە بنكەیەكی سەربازی ئەمریكا لەنێو كێڵگەكەدا.

ئەوەشی خستبوەڕو، لەئەنجامی بۆردومانەكە زیانی ماددی كەوتۆتەوەو چەند ئۆتۆمبێلێكیش لەو شوێنەی كراوەتە ئامانج سوتاون بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەبارەی بونی زیانی گیانییەوە نییە.

بەپێی قسەی روانگەی سوری، هێرشەكە لەلایەن "میلیشیاكانی لایەنگری ئێران"ەوە لەناوچەكە ئەنجام دراوە.

دواتر كۆلۆنێل واین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە تویتێكدا وتی، سەعات 7:44 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ، هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا روبەڕوی هێرشێك بونەوە بە موشەك، هیچ بریندارێك نییەو زیانە ماددیەكان هەڵدەسەنگێنین.

دواتر مارۆتۆ وتی، هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا لەوكاتەدا كە بەچەند موشەكێك روبەڕوی هێرش بونەتەوە، وەك بەرگریی لەخۆیان وەڵامی سەرچاوەی هێرشە موشەكییەكەیان داوەتەوە.

لای خۆیشەوە روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەو هێزانەی هاوپەیمانان كە لە كێڵگەی نەوتی "ئەلعومەر" جێگیركراون، وەڵامی هێرشەكەیان داوەتەوەو بۆردومانی چەند پێگەیەكی میلیشیاكانی سەربە ئێرانیان كردوە لە شارۆچكەی مەیادین لە پارێزگای دێرەزور.

شارۆچكەی مەیادینی سەربە پارێزگای دێرەزور لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی حكومەتی سوریاو میلیشیاكانی سەربە ئێراندایە.

ئەو پێشهاتانە دوای ئەوە دێن كە بەرەبەیانی رۆژی دوشەممە، هێزەكانی ئەمریكا هێزێكی سەربە حەشدی شەعبیان لە سنوری عێراق و سوریا بۆردومان كرد. بەپێی بەیاننامەی حەشدی شەعبی لەو بۆردوانەدا چوار چەكداری هێزەكانیان كوژراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×