ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنان: داوامان له‌كۆمپانیاكان كردووه‌ كه‌ هه‌ر 100 دۆلارێک به‌رانبه‌ر به ‌130 هه‌زار دینار بۆ هاوبه‌شه‌كانیان ئه‌ژمار بكه‌ن
  2021-06-29       624       
سه‌رۆکی‌ ده‌سته‌ی‌ گشتیی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان ده‌ڵێت، داوایان له‌خاوه‌ن پرۆژه‌ی‌ یه‌که‌کانی‌ نیشته‌جێبون كردووه‌ كه‌ هه‌ر 100 دۆلارێک به‌رانبه‌ر به ‌130 هه‌زار دینار بۆ هاوڵاتیان‌و هاوبه‌شه‌كانیان ئه‌ژمار بكه‌ن.

ئاوێنه‌: د. محەمه‌د شکوری‌، سه‌رۆکی‌ ده‌سته‌ی‌ گشتیی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان، به‌ماڵپه‌ڕی‌ فه‌رمیی‌ پارتی‌ ڕاگه‌یاندووه‌، "تا ئێستا به‌ دوو نووسراوی‌ فه‌رمی‌ خاوه‌ن پرۆژه‌ی‌ یه‌که‌کانی‌ نیشته‌جێبونمان ئاگادار کردووەته‌وه‌ له‌وەرگرتنەوەی قیستی‌ هاوبه‌شانی‌ پرۆژه‌کانی‌ یه‌که‌ی‌ نیشته‌جێبون، به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ دۆلار له‌به‌رچاو بگرن و، نرخه‌کان به ‌شێویه‌ک بێت کە باری‌ داراییی‌ هاووڵاتییان له‌به‌رچاو بگیرێت و، به ‌دیاریکراوی‌ داوامان کردووه‌ هه‌ر 100 دۆلارێک به‌رانبه‌ر به ‌130 هه‌زار دینار دیاری بکرێت و ئه‌و زیاده‌یه‌شی‌ ده‌مێنێته‌وه‌، بخرێته‌ سه‌ر قیسته‌کانی‌ دواتر خۆشبه‌ختانه‌ هه‌ندێک له‌ خاوه‌نی‌ پرۆژه‌کان به ‌داوکه‌ی‌ ئێمه‌ ڕازی‌ بون و هاوکار بوون".

ناوبراو ده‌ڵێت، "له‌ هه‌وڵەکه‌نمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری‌ کۆتایی. بۆ ئه‌وه‌ش کۆبوونه‌وه‌کانمان له‌گه‌ڵ یه‌کێتیی‌ وه‌به‌رهێنان به‌رده‌وامه‌، ئه‌وه‌ی‌ تا ئێستا کراوه‌ به‌ شێوه‌ی‌ داواکاری بووه‌، له‌ ئه‌گه‌ری‌ پابه‌ندنه‌بوونی‌ وه‌به‌رهێنه‌ران ناچارین له‌ داهاتوودا بیر له‌ میکانیزم و بڕیاری‌ دیکه‌ بکه‌ینه‌وه،‌ به‌ڵام بابه‌ته‌که‌ هێشتا گفتوگۆی‌ له‌باره‌وه‌ ده‌کرێت، هیودارم بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێک که ‌له ‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌ هاووڵاتییان و به‌شداربووانی‌ ئه‌و یه‌کانه‌ بێت."

سه‌باره‌ت به ‌ته‌واونه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ ناو به‌شێک له‌ یه‌که‌کانی‌ نیشته‌جێبوون، سه‌رۆکی‌ ده‌سته‌ی‌ گشتیی وه‌به‌رهێنانی‌ هه‌رێم ڕوونیکرده‌وه‌ كه‌ "خزمه‌تگوزاریی‌ یه‌که‌کانی‌ نیشته‌جێبوون ڕێکخستنیان بۆ کراوه‌ و گرفتێکی‌ ئه‌وتۆیان نه‌ماوه‌، پێشتر به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ دارییی‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ کۆرۆناوە، به‌شێک له‌ خزمه‌تگوزاریی‌ یه‌که‌کانی‌ نیشته‌جێبون ڕاگیران، به‌ڵام دوای‌ پێداچوونه‌وه‌مان سه‌رله‌نوێ وه‌به‌رهێنه‌ران ئاگادرا کرانه‌وه‌ به‌پێی‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ی‌ که‌ له‌ پرۆژه‌که‌ هه‌یه‌ ئیلتیزام به‌ ته‌واوکردنی‌ ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ بکات. ئێستا گرفته‌که‌ چاره‌سه‌ر کراوه‌ و کێشه‌یه‌کی‌ ئه‌وتۆی‌ نه‌ماوه‌".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×