موچەی بەشێک لەپەرلەمانتارانی عێراق دەبڕدرێت
  2021-06-30       439       

جێگیری یەکەمی سەرۆکی‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوای لە ئەمینداریەتی ئەنجومەنی نوێنەران کردوە موچەی ئەو پەرلەمانتارانە ببڕدرێت کە بەبێ مۆڵەت و هۆکاری فەرمی ئامادەی کۆبونەوەکانی پەرلەمان نابن.

ئاوێنه‌: پەرلەمانی عێراق لەیەکەم کۆبونەوەی خولی چوارەمی پەرلەماندا و بەشێوەیەکی بەردەوام زیاتر لە 100 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبونەوەکان نابن، بەجۆرێک زۆرترین پەرلەمانتاری ئامادەبو لەکۆبونەوەکانی پەرلەماندا کۆبونەوەی متمانەدان بەکابینەکەی مستەفا کازمی بو کە 267 پەرلەمانتار لەکۆی 329 پەرلەمانتار ئامادەی بون.

تائێستا سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ ئامادەنەبونی پەرلەمانتارانی دیارینەکردوە، بەڵام لەم دوایانەدا بڕیاریداوە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر ئەویش بەلێبڕینی موچەی پەرلەمانتاران بەرامبەر ئامادەنەبونیان لەهەر کۆبونەوەیەکدا.

لەو چوارچێوەشدا حەسەن کەعبی، جێگیری یەکەمی سەرۆکی‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوای لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە کردوە، موچەی ئەو پەرلەمانتارانە ببڕێت، کە بەبێ مۆڵەت و پاساوی فەرمی ئامادەی کۆبونەوەکان نابن.
ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە 1ی ته‌مموز، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆبوببێتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×