دۆناڵد رامسلفێڵد وەزیری بەرگری پێشوتری ئەمریكا كۆچی دوایی كرد
  2021-06-30       644       

ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد رامسفێڵد، وەزیری بەرگری پێشوتری ئەمریكا لە تەمەنی 88 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. رامسفێڵد یەكێك بو لە ئەندازیارە سەرەكییەكانی شەڕی دژبە عێراق لەساڵی 2003 لەنێو ئیدارەكەی جۆرج بۆشی كوڕدا.

ئاوێنە: خانەوادەكەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایانكرد، رامسفێڵد لە شاری "تاوس"ی ویلایەتی نیومەكسیكۆ لە ئەمریكا، لە تەمەنی 88 ساڵیدا كۆچی دوایی كردوە.

رامسفێڵد بە دیارترین پشتیوانانی شەڕ لە دژی تیرۆر لە سەردەمی سەرۆكایەتی جۆرج دەبلیو بۆشدا ناسرا بو.

لەدوای هێرشەكانی 11ی سێبتەمبەری رێكخراوی ئەلقاعیدە لە ئەمریكا لە ساڵی 2001، هێزەكانی ئەمریكا هەر لەو ساڵەدا شەڕی ئەفغانستانیان كردو داگیریان كرد، هەروەها لە ساڵی 2003 شەڕی عێراقیان كردو توانیان كۆتایی بە رژێمەكەی سەدام حسێن بهێنن.

رامسفێلد، لەساڵی 2006 لەسایەی تەنگژەكانی دوای شەڕی عێراق، دەستی لەكاركێشایەوە بەڵام بەوپەڕی پێداگرییەوە بەرگری لە هەڵوێستەكانی لەبارەی شەڕی دژی عێراق، كرد.

دۆناڵد رامسفێڵد ساڵی 1932 لە شیگاكۆ لە دایكبوەو ساڵی 1954 چۆتە ریزەكانی سوپای وڵاتەكەی و تاوەكو ساڵی 1957 لە هێزی فڕۆكەوانی سەربە مارێنزی ئەمریكادا خزمەتی كردوە.

چیرۆكی سیاسیی رامسفێڵد لە شەستەكانی سەدەی رابردوەوە دەستیپێكرد كاتێك بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لەسەر پارتی كۆمارییەكان هەڵبژێردرا.

ساڵی 1970 بۆ 1971 راوێژكاری سەرۆك ریچارد نیكسۆن بوە.

ساڵی 1973 بۆ 1974 نوێنەری ئەمریكا بوە لە ناتۆ.

ساڵی 1975 بۆ 1977 بۆ یەكەمجار بوە وەزیری بەرگری لە ئیدارەی سەرۆك "جێرالد فۆرد"دا.

دوای كاركردن بۆ ماوەی ساڵانێكی زۆر لە كەرتی تایبەتدا، رامسفێڵد لە ساڵی 2001، دوای ئەوەی جۆرج دەبلیو بۆش سەرۆكایەتی ئەمریكا وەگرت، وەك وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە بۆ جاری دوەم، دەستبەكاربوەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×