2021-07-02   535     
دامه‌زرێنه‌ری ئامازۆن كه كۆمپانیای زه‌به‌لاحی بازرگانیی ئه‌لیكترۆنی ئه‌مریكییه، جێف به‌یزۆز بانگهێشتی فڕۆكه‌وانی پێشوو، مێری واڵس فانك-ی ته‌مه‌ن ٨٢ ساڵی كرد وه‌ك میوانی فه‌خری له‌گه‌ڵیدا به‌شداری بكات له گه‌شتی بۆشاییی ئاسمان كه له ٢٠ی ته‌مووزدا ئه‌نجام ده‌درێت.
ئاوێنه: له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه ماڵپه‌ڕی Blue Origin بڵاوی كردووه‌ته‌وه، كه هه‌ر جێف به‌یزۆز خۆیشی خاوه‌نی ئه‌و كۆمپانیایه‌ی گه‌شتی بۆشاییی ئاسمانه، ئاماژه به‌وه دراوه فانك كه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژن بووه له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو رێگه‌ی لێگیراوه ببێته ئاسمانگه‌ڕ، له‌لایه‌ن به‌یزۆزه‌وه بانگهێشت كراوه بۆ گه‌شتی بۆشاییی ئاسمان.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی به‌یزۆز و فانك-یش بڵاو كراوه‌ته‌وه. به‌یزۆز له هه‌ژماری فه‌رمیی خۆی له ئینستاگرام بۆ فانك نووسیوویه‌تی: "هیچ كه‌س هێنده‌ی ئه‌و چاوه‌ڕێی نه‌كرد. ئیدی كاتی هاتووه. به‌خێربێی بۆ ناو تیمه‌كه‌مان. دڵخۆشین به‌وه‌ی له ٢٠ی ته‌مووزدا وه‌ك میوانی فه‌خری له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا دێیت".
فانك له‌گه‌ڵ ١٣ ژنی دیكه له ده‌یه‌ی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له میانی به‌رنامه‌یه‌كی كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی تایبه‌ت مه‌شق و راهێنانی پێ كرا بۆ ئاسمانگه‌ڕی، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناسا ته‌نها پیاوانی به فڕۆكه‌وان وه‌رده‌گرت، هیچ یه‌ك له‌و ژنانه نه‌بوون به ئاسمانگه‌ڕ.