کازمی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری کارەبا پەسەند ده‌كات‌و خۆی سەرپەرشتی دۆسیەی کارەبا دەکات
  2021-07-02       344       
کەناڵی ئەلحوڕە بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران دەستلەکارکێشانەوەی ماجد حەنتوش، وەزیری کارەبای پەسەند کردوەو لەمەودوا خۆی سەرپەرشتی دۆسیەی کارەبا دەکات.

ئاوێنه‌: كه‌ناڵه‌كه‌ له‌زاری‌ سەرچاوەیەکی‌ نوسینگەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقه‌وه‌ رایگەیاندووه‌، مستەفا کازمی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری کارەبای پەسەند کردوەو لەمەودوا خۆی سەرپەرشتی دۆسیەی کارەبا دەکات.

پێشتر جەواد موسەوی، ئەندامی هاوپەیمانی سائیرون لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاندبو، مستەفا کازمی بڕیاریداوە لەماوەکانی داھاتودا، ژمارەیەک وەزیر بگۆڕێت، گۆڕانکارییەکەیش ھەریەک لەوەزیرانی دارایی، کارەبا، پیشەسازیی، کشتوکاڵ دەگرێتەوە لەگەڵ دەستیشانکردنی وەزیری نوێ تەندروستیی.

به‌هۆی‌ کەمبونەوەی کارەبای نیشتیمانی‌و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما، ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ مستەفا کازمی چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکردو داوایکردوە بەپەلە چارەسەری خێرا بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، کازمی بڕیاریداوە بەپێکهێنانی شانەیەکی قەیرانەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی لەبەغداو پارێزگاکانی دیکەی باشوری عێراق، کە هەریەکە لەوەزارەتەکانی کارەبا، نەوت، دارایی، ناوخۆ، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیران، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و سکرتێری باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان ئەندام دەبن تیایدا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×