ئێران: بە ھیچ شێوەیەک دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەرنادەین
  2021-07-06       469       

سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران بە ھیچ شێوەیەک دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەرنادات.

ئاوێنه‌: خەتیب زادە لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی ھەفتانەیدا ڕایگەیاند، ئێران ھەمیشە دووپاتیکردووەتەوە کە زمانی ھەڕەشە و ھێز ھیچ سودێکی نابێت بۆ بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

وتیشی، ھێرشە بەردەوام و دوبارەکانی ئەمریکا دژی گروپە چەکدارەکانی عێراق و سوریا لە سنوری نێوان ھەردوو وڵات، تەنھا بۆ بە ئامانجکردنی ئەو ھێزە بنەڕەتیانەیە کە شەڕ لە دژی شانە نوستووەکانی داعش دەکەن چونکە ئەمریکا دەیەوێت ئەو گروپە لەناو نەچێت و بەھێزبێتەوە.

سەبارەت بەو تۆمەتانەش کە ئاڕاستەی ئێران دەکرێت لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق، وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ھەرگیز دەستیان لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەرنەداوە و نیازێکی لەو جۆرەشیان نییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×