پڕۆژە بڕیارێكی پەرلەمانی ئەوروپا لەبارەی گوشارەكانی سەر هەدەپە توركیا توڕە دەكات
  2021-07-09       887       

راگەیەندراوێكی پەرلەمانی ئەوروپا كە تێیدا ئیدانەی گوشارەكانی دەوڵەتی توركیای بۆ سەر هەپەدە كردبو، توركیا توڕە دەكات و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە راگەیەندراوەكە بە "دور لە راستی و لایەنگرانە" ناودەبات.

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، رۆژی پێنجشەممە لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا: "ئەو بڕیارەی رۆژی 8ی تەمموز لە کۆبونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا لەبارەی تورکیا پەسەندکراوە، نمونەیەکی دیکەی هەڵوێستی لایەنگرانە، ئایدیۆلۆژی و دابڕاو لە راستیی پەرلەمانی ئەوروپایە."

بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا، "لە کاتێکدا لە نێو یەکێتی ئەوروپادا سەرکۆنەنەکردنی تیرۆریزم بە یەکێک لە هۆکارەکان بۆ داخستنی پارتی سیاسی هەژماردەکرێ، دەستپێکردنی قۆناغی یاسایی لە تورکیا لەبارەی پارتێکی سیاسی کە دەنگۆی بەهێز هەیە لە هەبونی پەیوەندی پەرلەمانتارەکانی بە تیرۆر، بە بۆچونێکی پێشوەختە پێشوازی دەکرێ."

پەرلەمانی ئەوروپا رۆژی سێشەممە 6ی تەمموزی 2021 لە شاری ستراسبورگی فەرەنسا لەبارەی گوشارەکانی سەر پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە و ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا کۆبوەوە.

پەرلەمانی ئەوروپا هەر لەو چوارچێوەیەدا رۆژی پێنجشەممە 8ی تەمموزی 2021 پڕۆژە بڕیارێكی بە ناونیشانی "گوشارەکانی سەر ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا لەسەرویانەوە هەدەپە" پەسەند کرد. 
603 پەرلەمانتار بە بەڵێ، 2 پەرلەمانتار بە نەخێر دەنگیان دەنگیان بە پڕۆژە بڕیارەکە دا. 67 پەرلەمانتاریش بێلایەن بون.

دوای بڕیارەکە پەرلەمانی ئەوروپا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا، پەرلەمانتارانی ئەوروپا لە کۆبونەوەکەدا نیگەرانی قوڵی خۆیان لەبەرامبەر گوشارەکان بۆ سەر پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا دەربڕی.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتبو: "پەرلەمانتارانی یەكێتیی ئەوروپا سەرکۆنەی سەرکوتکردنی پارتە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا دەکەن، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپەو داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەن دڵنیایی بدات لەوەی تەواوی پارتەکانی ئەو وڵاتە دەتوانن بە ئازادانە و بە تەواوی، چالاکییە رەواکانیان بکەن، بە جۆرێک لەگەڵ بنەما بنچینەییەکانی سیستمێکی فرەیی و دیموکراسی یەکبگرێتەوە."

پەرلەمانتاران زۆر بە توندی سەرکۆنەی داواکەی داواکاریی گشتیی تورکیا دەکەن کە بۆ دادگای دەستوریی وڵاتی بەرزکردوەتەوە بە مەبەستی داخستنی هەدەپە و قەدەغەکردنی چالاکیی سیاسی لە نزیکەی 500 ئەندامی هەدەپە.

راگەیەندراوەکەی پەرلەمانی ئەوروپا ئاماژە بەوە كردوە، ئەو کەیسەی دژی هەدەپە جوڵێندراوە لوتکەی ئەو مامەڵە توندەیە کە روبەڕوی هەزاران ئەندام، بەرپرس، پەرلەمانتار، سەرۆک شارەوانی سەر بەو پارتە بە تۆمەتی جیاواز، بە تایبەتی تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر، بوەتەوە.

 پەرلەمانی ئەوروپا وتویەتی، رێگەدان بە هەدەپە بۆ ئەوەی لە دامەزراوە دیموکراسییەکانی تورکیادا بەشداربێت رێگەیەکی سادەیە تاوەکو کۆمەڵگەی تورکی زیاتر گشتگیربێت و زەمینەیەکی ئەرێنیش بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد لەو وڵاتەدا بێتەئاراوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەكەدا هاتوە، پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەوروپا سەرکۆنەی بڕیاری دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ لابردنی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان و دانانی قەیوم لە شوێنیان دەکەن. پەرلەمانتارانی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکەن چەندین رێکاری سیاسی، یاسایی و کارگێڕی لە لایەن حکومەتی تورکیاوە گیراونەتەبەر بۆ ئەوەی شکست بە بەڕێوەبردنی کاری سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر بهێندرێت، کە لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە بەڕێوەدەبرێن.

پەرلەمانتارانی ئەوروپا داوایان لە تورکیا كردوە کاربکات بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات کە فرەیی لەو وڵاتەدا هەیە و رێز لە ئازادییەکانی رادەربڕین و گردبونەوەش بگیرێت و وتوشیەتی، ئەو کارانەی دەسەڵاتدارانی تورکیا بەرامبەر پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەیکەن وادەکەن ئۆپۆزسیۆنی سیاسی نەتوانێت بەتەواوی رۆڵی دیموکراسیانەی خۆی بگێڕێت و مافەکانی بپارێزێت.

وەک لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، پەرلەمانتارانی ئەوروپا لە رێگەی بڕیارەکەیانەوە داوا لە وەفدی یەکێتیی ئەوروپا بۆ تورکیا دەکەن کە چاودێری رەوشەکە بکەن، لەوانەش دۆسیەی کۆبانێ.

پەرلەمانی ئەوروپا هۆشداری داوە کە هەر پێشکەوتنێک لەنێوان برۆکسل و ئەنقەرەو هەر ئۆفەرێک بۆ تورکیا لە لایەن یەکێتیی ئەوروپاوە، جگە لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە سیاسەتی دەرەوە، دەبێت پشت بە باشبون بە بواری مافی مرۆڤ، سەروەریی یاسا و پێکهاتەکان و هاوڕەگەزخوازان لەو وڵاتەدا ببەستێت.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×