كازمی: لە 2003ەوە 80 ملیار دۆلار لە كەرتی كارەبادا خەرجكراوە كەچی كێشەكە چارەسەرنەكراوە
  2021-07-10       396       

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، دەستگیركردنی چەند بەرپرسێكی بە تۆمەتی گەندەڵی لە دۆسەی كارەبادا راگەیاندو ئاشكراشیكرد، لە ساڵی 2003ەوە 80 ملیار دۆلار لە كەرتی كارەبادا خەرجكراوە بەبێ ئەوەی بتوانرێت كێشەكە لە ریشەوە چارەسەربكرێت.

ئاوێنە: بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەكەی، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ لەمیانی سەردانیدانی بۆ وەزارەتی كارەباو كۆبونەوەی لەگەڵ كادرانی پێشكەوتوی وەزارەتەكە وتویەتی، تیرۆریستان دوای ئەوەی شكستیان هێناوە لە روبەڕوبونەوەی هێزە عێراقییەكان، ئێستا دەستیان كردوە بە كردنە ئامانجی وێستگەو تاوەرەكانی كارەبا.

جەختیشی كردۆتەوە كە كاركردنیان لەسەر كەرتی وزەو گەشەپێدانی راناگرن و كاردەكەن لەسەر پلانێكی ستراتیژی بۆ بەردەوامیی كارەبا.

ئاشكراشیكردوە كە لەساڵی 2003ەوە نزیكەی 80 ملیار دۆلار لە كەرتی كارەبادا خەرجكراوە بەڵام گەندەڵی ئاستەنگێكی بەهێز بوە لەبەردەم دابینكردنی كارەبا بەشێوەیەكی بەردەوام، ئەوەش خەرجییەكی نامەعقولە بەبێ ئەوەی توانرابێت كێشەكە لە ریشەوە چارەسەربكرێت.

كازمی جەختی كردۆتەوە كە ئەوانەی دەیانەوێت بەرپرسیارێتی وێرانی بخەنە ئەستۆی حكومەتی ئیستا، پێویستە چاو بە كارەكانی رابردوی خۆیاندا بخشێننەوە.

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكراشیكردوە كە لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ شوێنپێهەڵگرتنی گەندەڵكارانی گەورەو بچوك لە كەرتی كارەباداو ژمارەیەك كەسیش بەو تۆمەتە دەستگیركراون كە لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوەكاندا فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچو بو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×