ڕاوێژکاری ئابوریی کازمی لەبارەی دابەزاندنی نرخی دۆلار نوێترین زانیاری ئاشكرا ده‌كات
  2021-07-10       1092       
راوێژکاری ئابوریی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، سێ هۆکار ڕێگرن لەوەی جارێکی تر حکومەت نرخی دینار بەرامبەر دۆلار بگێڕێتەوە بۆ دۆخی جارانی، ئاشکراشی کرد، حکومەت سەرقاڵی دارشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقە تاوەکو ساڵی 2024.  

ئاوێنه‌: عەلا عبدولحسێن، راوێژکاری ئابوریی مستەفا کازمی لە لێدوانێکیدا بۆئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق ڕایگەیاند، "حکومەت ناتوانێت لەئێستادا بەهیچ شێوەیەک جارێکیتر نرخی ئاڵۆگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلار بگەڕێنێتەوە دۆخی پێشووی، ئەوەش بەهۆی سێ هۆکارەوە".  

وتیشی، "یەکەم هۆکار دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە هەر گۆڕانکارییەک لەنرحی ئاڵۆگۆڕی دۆلاردا بەرامبەر بەدینار تەنها لەدەسەڵاتی  بانکی ناوەندیی عێراقە، لایەنێکی دیکە ناتوانێت ئەو کارە بکات".  

ئاماژەی بەوەشکرد،" هۆکاری دووەم، بریتییە لەوەی ئەو نرخەی کە لەئێستادا مامەڵەی پێوە دەکرێت لە بازارەکاندا، لەناو پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵدا جێگیرکراوە، حکومەتیش مامەڵە ئابوری و داراییەکانی لەسەر ئەو بنەمایە بنیادناوە".  

ڕاوێژکارەکەی کازمی لەبارەی هۆکاری سێهەمەوە وتی، "هەرچەندە نرخی نەوت لەبازارەکانی جیهاندا بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات، بەڵام ئەوب ەڕزبوونەوەیە ناتوانێت تەواوی کورتهێنانەکانی بودجەی 2021 چارەسەر بکات کە نزیکەی 30 تریلیۆن دینارە، سەرباری ئەوەش ئێمە ناتوانین جێگیربوونی نرخی نەوت لەو ئاستە بەرزەدا تاوەکۆ شەش مانگی داهاتوو مسۆگەربکەین، بۆیە ناتوانین سەرکێشی بکەین و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار بگەڕێنینەوە دۆخی پێشووی".  

بەوتەی عەبدولحسێن، "عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق بە هاوکاری هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ دارشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق تاوەکوساڵی 2024".      



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×