لەباشوری کەرکوک داعش هێرشدەکاتەسەر پێگەیەکی هێزەئەمنییەکان
  2021-07-15       276       
لەسنوری ناحیەی ریازی سەر بە پارێزگای کەرکوک جموجۆڵی چەکدارانی داعش بەتایبەت لەسنوری گوندەکان و ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە تادێت زیاتر دەبن، لەو چوارچێوەیەشدا شەوی رابردو چەکدارانی رێکخراوەکە هێرشیانکردەسەر پێگەیەکی هێزە ئەمنییەکان و بەهۆیەوە ئەفسەرێک کوژرا.

ئاوێنە: سەرچاوەیەکی ئەمنی کەرکوک بەمیدیاکانی رایگەیاندوە، شەوی رابردو چەكدارانی داعش هێرشێكیان بۆسەر هێزەكانی لیوای 11ی پۆلیسی فیدڕاڵی لەناحیەی ریاز ئەنجامداوە، بەهۆیەوە ئەفسەرێک کوژراوە.

دوێنێش سەرچاوەیەکی ئەمنی لەناحیەی گەیارەی سەر بە پارێزگای نەینەوا بە خەندان-ی راگەیاند، کاتژمێر 1:00ی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە چەکدارانی داعش چونەتە گوندی شایالە ئەلئەمامی سەر بە ناحیەی گەیارە و جوتیارێکی گوندەکەیان کوشتوە کە بەڕەگەز عەرەبە و ناوی عەتیە سالم عەباوییە.

13ی ئەم مانگەش هێزەکانیان لە ناحیەی رەشاد لەسنوری پارێزگای کەرکوک هەڵمەتێکیان بۆ کێوماڵکردنی پێگەکانی داعش ئەنجامدا و بەهۆیەوە سێ حەشارگە و بنکەیەکی سەربازی رێکخراوەکە خاپورکران.

17ی مانگی کانونی یەکەمی 2017 حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی داعشی لە عێراق راگەیاند، بەڵام بە گوێرەی هێزەکانی عێراق بەشێک لە ئەندامانی ئەو رێکخراوە بەشێوەی گروپی بچوک لە ناوچە بیابانەکانی ئەنبار، دیالە و سەڵاحەدین و چەندین شوێنی دیکەی عێراق بونیان هەیە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەئامانج دەگرن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×