راوێژكارێكی كازمی: هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت
  2021-07-15       250       

حسێن هینداوی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردن جەختدەكاتەوە كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، ئەوەش دوای كشانەوەی موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەكە.

ئاوێنە: حسێن هینداوی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیایەكی عێراقی وتی، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان جەختی كردۆتەوە كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا كە رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵە، بەڕێوەدەچێت.

راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری هەڵبژاردن جەختیشی كردۆتەوە كە بایكۆتكردن یاخود كشانەوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن كارناكاتە سەر وادەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكە.

ئەوەش لەكاتێكدا ئەمڕۆ موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر كشانەوەی خۆی لە هەڵبژاردنەكان راگەیاندو بڕیاریشدا دەست لە حكومەتی ئێستاو حكومەتی داهاتوی عێراق هەڵبگرێت.

دوابەدوای ئەوەش، حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و هەروەها چەند كاندیدێكی سەربە رەوتی سەدر، كشانەوەی خۆیان لە هەڵبژاردنەكە راگەیاند.

هاوپەیمانی سائیرون، سەربە موقتەدا سەدر، لە هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی عێراقدا زۆرترین كورسی بەدەستهێنا.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×