" بایکۆتکردنی هەڵبژاردن له‌لایه‌ن سەدره‌وه‌ زیانێکی گەورە بو لەپارتی‌و 2 کوتلەی عەرەبی سوننە"
  2021-07-16       949       
سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی ئاماژە بەوە دەکات، کشانەوەی ڕەوتی سەدرو بایکۆتکردنی هەڵبژاردن گەر بڕیاری کۆتاییان بێت، ئەوا زیانێکی گەورەیە بۆ ئەو لایەنانەی کە ویستیان دوای هەڵبژاردن، هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەنجامبدەن، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێو کوردو 2 کوتلەی عەرەبی سوننە.

ئاوێنه‌: نەجات حسێن، سەرکردەی ڕەوتی حیکمەو سەرۆکی ئەو حیزبە لەپارێزگای کەرکوک به‌دەنگی ئەمریکای‌ وتووه‌، "له‌ 90% هەڵبژاردن لەمانگی 10ی ئەمساڵدا ئەنجامدەدرێت، گەر نەکرێت وەزعی عێراق تێکدەچێت، هەندێک داوای دواخستنی دەکەن بۆ 4 مانگ، 4 مانگ چ کێشەیەک چارەسەر دەکات، لەکاتێکدا کێشەی 50 ساڵی عێراق چارەسەر نەبووە."

ئه‌وه‌شی‌ وتووه‌، "حیزب هەیە 13 ساڵە چەند وەزارەت و تەنانەت سەرۆک وەزیرانیشی بەدەستەوەیە، هیچی نەکردووە، ئێستا پێگەیان لاواز بووەو دەترسن، دەیانەوێت هەڵبژاردن چەند مانگێک دوابخرێت، حیزبێک 18 ساڵە هیچی نەکردبێت، بە 18 هەفتە چی پێدەکرێت."

سەبارەت بەوەی موقتەدا سەدر، هەتا چەند جدیە لەکشانەوەو بەشداری نەکردنی هەڵبژاردن، نەجات حسێن ده‌ڵێت، "ڕەوتی سەدر ڕۆڵی هەیە لەسیاسەت و ئیدارەدانی عێراق، سەرەتای پێکهێنانی حکومەت چوار پێنج وەزارەت وەردەگرێت و کۆتایی حکومەت خۆی لێیان بێ بەری دەکات، ئێستا سەید موقتەدا عاجز بووە لەلایەنگرانی، وەزیرەکانی پێچەوانەی ڕای ئەو ئیش دەکەن، بۆیە توڕەبووه‌، وتی دەکشێمەوە، یەکەمجاریش نیـیە بانگەشەی کشانەوە بکات لەهەڵبژاردن و سیاسەت، بەڵام کاتێک فشار لەسەری دروست دەبێت و سەرۆک حیزبەکان قسەی لەگەڵ دەکەن، جارێکی تر دەگەڕێتەوە."

وتیشی، "ڕەنگە بانگەشەی کشانەوەکەی، حەملەی هەڵبژاردن بێت، هەزاران لایەنگری تەیاری سەدری عاجزن و ڕایان گۆڕاوە، بەڵام دوای ڕاگەیاندنی کشانەوەکەی، هەموویان جارێکی تر لە دەوری کۆدەبنەوە."

سەرکردەکەی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، ئاماژەی بەوەشکرد ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای پۆستی سەرۆک وەزیران دەکات، لەکاتێکدا هێشتا هەڵبژاردن ئەنجام نەدراوە، له‌و ڕوه‌وه‌ وتی، "سەید دەڵێت: سەرۆک وەزیرانم دەوێت، ئەی دوو تیپ یاری کۆتایی دەکەن، چۆن دەبێت پێش یاریەکە، کاسەکە بدرێتە لایەکیان، غێر ئەنجامی یاریەکە دەربکەوێت، کێ دەڵێت سەید لە هەڵبژاردندا دەنگ دەهێنێت."

نەجات حسێن ئاماژەی بەوەکردووه‌ كه‌ ئه‌گەر بڕیاری موقتەدا سەدر بۆ کشانەوە لەهەڵبژاردن، قەتعی و کۆتایی بێت، ئەمە زەربەیە گەورەیە لەو لایەنانەی بیرۆکەی هاوپەیمانێتیان هەبوو لەگەڵی و بۆ هەموویان زەرەرە، چونکە هاوپەیمانێتیەکەیان تێکدەچێت، به‌وته‌ی‌ ئه‌و، "تەنها پارتی دیموکرات بیرۆکەی هاوپەیمانێتی نەبوو، لە برا کوردەکان، تەیاری سەدری لەگەڵ دوو کوتلەی سووننیش سەرقاڵی تەحالوف بوون، مادام سەدر لەنێو شیعەدا دەڵێت تەنها خۆم، کەواتە شیعە دەنگی پێ نادات، بۆیە ناچارە هاوپەیمان لە کورد و سووننە بدۆزێتەوە، بۆیە کشانەوەکەی بۆ هاوپەیمانەکانی زەرەرە."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×