2021-07-16   1537     
ئا: بارام سوبحی
چل‌و دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌رو له رۆژێكی وه‌كو ئه‌مڕۆدا، سه‌دام حسێن كه جێگری سه‌رۆك كۆمار بوو، ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كری سه‌رۆك كۆماری به‌م جۆره له پۆسته‌كه‌ی دوورخسته‌وه‌و خۆی چووه شوێنه‌كه‌ی:
* رۆژی دووشه‌ممه (16/ته‌مموز/1979) نزیكه‌ی كاتژمێر ده‌ی به‌یانی. له ماڵی خه‌یروڵا تڵفاح، هه‌ریه‌كه له به‌كرو هه‌یسه‌می كوڕی، سه‌دام حسێن، عه‌دنان خه‌یروڵاو خه‌یروڵا تڵفاح كۆبونه‌وه. به‌كرو كوڕه‌كه‌ی له‌سه‌ر داوه‌تی تڵفاح بۆ تاوتوێكردنی باسێكی گرنگ هاتبوون: ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی به‌كر له‌هه‌موو پۆسته‌كانی‌و دانانی سه‌دام له‌شوێنی. به‌كر تانه‌ی له‌م جۆره مامه‌ڵه‌كردنه دا، به پێشنیاره‌كه‌ی سه‌دام‌و عه‌دنانی خاڵۆزای سه‌دام رازی نه‌بوو.
دۆخه‌كه گرژی تێكه‌وت، هه‌یسه‌م ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌رهێناو فیشه‌كێكی ته‌قاندو به‌ر ده‌ستی عه‌دنان كه‌وت‌و به سوكی بریندار بوو. تڵفاح هه‌وڵی ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ی دا. به‌كر ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه. به‌ڵام سه‌دام تێیگه‌یاند كه سوپا‌و موخابه‌رات‌و گاردی كۆماری‌و هه‌موو ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كان له لایه‌نگران‌و هاوكارانی به‌كر پاك كراونه‌ته‌وه. بۆیه به‌كر به داواكه قایل بوو. كاتژمێر هه‌شتی ئێواره له وتارێكدا كه رادیۆ‌و ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا په‌خشی كرد، به‌كر وتاری ماڵئاوایی خوێنده‌وه.
بۆ تاوتوێكردنی "ئاره‌زوی" ده‌ستبه‌رداربونی به‌كر له پۆسته‌كه‌ی بۆ سه‌دام، ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی (قیاده‌ی قوتری)و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش كۆبونه‌وه. هیچ كام له ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی نه‌یانده‌زانی سه‌رله‌به‌یانی چی روویداوه. بۆیه هه‌ندێكیان كه‌وتنه داكۆكیكردن له به‌كر. سه‌دام له‌وكاته‌دا تێبینیه‌كانی خۆی له‌باره‌ی ئه‌و هاوڕێیانه‌وه ده‌نوسی كه به په‌رۆش بوون بۆ مانه‌وه‌ی به‌كرو بریتی بوون له هه‌ریه‌كه له: عه‌دنان حه‌مدانی، غانم عه‌بدولجه‌لیل، محه‌مه‌د مه‌حجوب، محه‌مه‌د عایش
له رۆژی (22/ته‌مموز/1979) سه‌دام داوای كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی كادیره پێشكه‌وتوه‌كانی حیزبی كرد. له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌دام پلانگێڕییه‌كی له‌دژی رژێمه‌كه‌ی ئاشكراكرد. محی عه‌بدولحسێن مه‌شهه‌دی وه‌كو یه‌كێك له پلانگێڕه‌كان وتی من‌و هه‌ریه‌كه له حه‌مدانی‌و جه‌لیل (شیعه)و مه‌حجوب‌و عایش (سوننه) پلانی كوده‌تایه‌كمان داڕشتوه. رۆژی (7/ئاب/1979) به بڕیاری دادگای تایبه‌تی ئه‌نجومه‌نی شۆڕش، هه‌ریه‌كه له مه‌شهه‌دی‌و ئه‌و چوار سه‌ركرده‌یه‌ی دیكه له‌سێداره‌دران.
سه‌رچاوه: جه‌واد هاشم (وه‌زیری پلاندانان): یاده‌وه‌رییه‌كانی وه‌زیرێكی عێراقی، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای مه‌دا.