كۆشكی سپی: 26ی ئەم مانگە بایدن پێشوازی لە مستەفا كازمی دەكات
  2021-07-17       631       

كۆشكی سپی رایگەیاند، رۆژی 26ـی ئەم مانگە، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە كۆشكی سپی پیشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەكات و گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژی تەوەری سەرەکیی گفتوگۆی هەردولا دەبێت.

ئاوێنە: کۆشکی سپی راگەیەندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی کازمی بڵاوکردەوە و وتی"سەرۆک بایدن لە کۆشکی سپی رۆژی 26ـی تەممووز پێشوازی لە مستەفا کازمی دەکات؛ لە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا تاوتوێی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی هاوئاهەنگیی دولایەنە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژیی هەردولادا دەکرێت."

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کردوە "هەر لەو سەردانەدا جەخت لە چەند پرسێکی گرنگی بەرژەوەندیی هاوبەش دەکرێتەوە، بەتایبەت لە کەرتەکانی پەروەردە، تەندروستی، کولتوری، وزەو کەشوهەوا."

لەبارەی هەڵوێستی بایدن دەربارەی عێراق، کۆشکی سپی نوسیویەتی "سەرۆک بایدن چاوی لە بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی پەیوەندیی دولایەنەو هاوئاهەنگییە لەگەڵ عێراق لە بواری سیاسی، ئابوری، پرسە ئەمنییەکان، لەنێویاندا هەوڵی هاوبەش بۆ دڵنیایی لە شکستی یەکجارەکی داعش."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×