ناحیەی باوەنور؛ لەسەر ڕوباری سیروانەو کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە
  2019-05-15       3164       

ئا: ئەیاد موحەمەد

دانیشتوانی ناحیەی باوەنور نیگەرانن لەئاوی خواردنەوەیان، بەوتەی خۆیان شیاو نیە بۆخواردنەوە چونکە ئاوەکە بەتەنیش زێرابی ناحیەکەوەیەو بۆنی دێت، بەڕێوەبەری ناحیەی باوەنوریش ڕایدەگەیەنێت "ئاوەکە شیاوە بۆخواردنەوە"

دانیشتوی ناحیەی باوەنوربەئاوێنەی ڕاگەیاند:" ناحیەی باوەنور نزیکەی مانگێکە کێشەی ئاوی خواردنەوەی هەیە، خەڵکی ناحیەکەش پەنا بۆ ئاوی کانیاوەکانی دەورو بەری باوەنور ئەبەن و بوە بەسەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی باوەنور، ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێلیان هەیە ئاوی پێ دێنن هەندێکیش چەندین دۆڵ ئەبڕن تاکو ئاودێنن"


وتیشی:" تاکو ئەم خولەکەی قسەبۆتۆ دەکەم کێشەکە بەردەوامە، بەڵام ئەوان ئەڵێن چارەسەری سەرەتایمان کردوە، ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی باوەنور خراپە، بۆماوەی بیست ڕۆژە کەس بەکاری ناهێنێت، بەهۆی ئەوەی زێرابی ناحیەکە بەتەنیشتیا تێدەپەڕێت، تام و ڕەنگ و بۆنی ئاوەکە خراپ بوە"

سەیوان کە مامۆستایەو دانیشتوی ناحیەکەیە زیاتر بۆ ئاوێنە دواو وتی" سەرەڕای ئەوەش ئێستا کۆمپانیا پارەی ئاو کۆدەکاتەوە، واتەکۆمپانیا دێت پارەکە لەخەڵک وەردەگرێت حەقی بەخراپبونی ئاو شکانی بۆری و ئەو شتانە نیە، حکومەت چاکی دەکاتەوە لەهەمان کاتدا پارەکە دەچێتە گیرفانی کۆمپانیا، ئێستا ئێواران خەڵکی ناحیەکە یان لەبازاڕ ئاودەکڕن یان دەچن لەکانی ئاودێنن"


هەژار سۆفی دانیشتویەکی تری ناحیەی باوەنورە لەبارەی پیسی ئاوی خواردنەوەوە بەئاوێنەی وت:" خەڵکی باوەنور ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێلیان پێیە دەچن لەئاوەخوێڕی یاخود مەتعمەکان ئاودێنن، ئەوەشی ئۆتۆمبێلی نیە ناچار لەو ئاوە دەخواتەوە:"


وتیشی:" هەفتەی ڕابردوش وەک گروپی هیوا سەردانی مدیر ناحیەمانکرد پێی ڕاگەیاندین سەردانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەکات بۆ ئەو مەبەستە، هەوڵی چاککردنی ئەدەن، بەڵام ڕەنگە بەهۆی زۆری ئاوەوە گرفت دروست بوبێت، ناحیەی باوەنور بیست و حەوت ساڵە کێشەی ئاوی هەیە لەڕوی نەبون ودابەش کردنەوە هەر هۆکارێکی هەبێت خەڵکی بەدەست کێشەی ئاوەوە دەناڵێنێت"


ناحیەی باوەنور دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی کەلار- سلێمانی، لە نێوان هەردو قەزای کەلار و دەربەندیخان، ڕوباری سیروان بەتەنیشت ئەم ناحیەیەدا تێپەڕ دەبێت،
لە ڕوی کارگێڕیەوە سەر بە قەزای کەلارەو 32 گوند لەخۆدەگرێت، ژمارەی دانیشتوانی نزیک بە 10هەزارە.


ئاوێنەبەپەیوەندی بە بەڕێوەبەری ناحیەی باوەنور عزیز محمد کرد سەبارەت بەکێشەی ئاوی باوەنور و بەئاوێنەی وت:" سەبارەت بەئاوی باوەنور بەوشێوازە نیە کەتێکەڵی زێراب بوبێت، چونکە دوێنێ پشکنینی بۆکراوە کێشەی نیەو لەپشکنین دەرچوە و شیاوە بۆ خواردنەوە، گرفتمان هەیە بەهۆی لافاوی سیروانەوە کۆمەڵێک زەرەرو زیانی داوە لپرۆژەکان، بیرێکمان بەتەواوەتی خاپور بوەو ئاوبردویەتی"

وتیشی:" ئێستا هەنگاوی سەرەتای ئێمە، دوڕێگە چارەمان هەیە ڕگەچارەی یەکەم ئێمە ئێستا حەوزو تەنکیەکانمان پاککردوەتەوە سبەینێش بیرەکان یەک یان دوانی پاک دەکەینەوە، ئەوانەشی کەئێستا ئاوی لێهێنین کێشەی نیە و دوڕۆژە حەفارە ئیش لە ئاوەڕۆکان دەکات"

عەزیز موحەمەد، زیاتر بۆئاوێنە دواو وتی:" ئێمە دەرخستەو پرۆژەیەکی ترمان هەیە بۆئەوەی شوێنی پرۆژەکە بەگشتی بگوازینەوە بچینە شوێنێکی ئەوەیان دەرخستەیەکی تەواوەو لەوەزارەتی داراییە 800 ملێن دیناری ئەوێ، بەهۆی قەیرانەوە ساڵێکە پێمان اڵێن نیە و دەستی دەستیمان پێدەکەن، ئەگەر ئەو پارە سەرفبکەن ئێمە ئەو پرۆژەیە بکەین ئەوە چارەسەرێکی ڕیشەییە بۆئەوەی لەمەترسی لافاو پیسبون و هەموشتێک پارێزراوبێت و  ئاوێکی بەردەوام بەخەڵک بدەین"

بەڕێوەبەری ناحیەکە ئاشکراشیکرد:" ماوەی ساڵێکە ئەو پرۆژە لەوەزارەتی کشتوکاڵەوە ڕۆشتوە بۆ وەزارەتی دارای بوئەوەی پارەی بۆتەخصیس بکرێت اڵێن پارە نیە"

عزیز محمد جەختیکردەوە ئەوئاوە شیاوە بۆخواردنەوە و وتی:" پشکنینی بیرەکان و تەنکیەکان و حەوزەکانیان کردوە  شیاوە بۆخواردنەوە لەڕوی ئەوەوە هیچ مەترسیەکی نیە تێکەڵ بەزێراب نەبوە، زێرابەکە نزیکیەتی، بەڵام دڵنیایتان ئەدەینێ بۆئەوەی هاوڵاتیش بزانێت ئێمە ئێستا پشکنینمان لەبەردەست دایە، شیاوە بۆخواردنەوە، ئەو هەنگاوانەمان ناوە، لەم چەندڕۆژەداهەنگاوی تریشمان دەبێت، بەڵام لەڕوانگەی ئێمەوە ئەوە چارەسەرە ئەو دەرخستە تازەیەمان بۆبخەنە بواری جێبەجێکردنەوە بۆئەوەی بەیەکجاری شوێنی پرۆژەکە بگۆڕین بۆشوێنێکیتر و سەلامەت ترو تەندروست تربێت"

ڕونیشیکردەوە:" لەئێستادا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی باوەنور، ئەو پرۆژەیە کەلەسەر سیروان ئاو وەردەگیرێت و دواتر ئەدرێت بەهەردو تەنکیەکەی باوەنور، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکێک هەیە ڕەنگە له ودۆڵ و شیوانە ئاویان ڕاکێشابێت بۆخۆیان و ئاویتریان هەبێت بەڵام ئاوی سەرەکی هەرئەوەیە".

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×