2021-07-19   545     
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك ڕایدەگەیەنێت ڕەوشی كۆرۆنا لەپارێزگای دهۆك مەترسیدارە، ئەو دەڵێت "“نەخۆشخانەكانی هەرێم جێگای نەخۆشی تێدا نابێتەوە".
ئاوێنه: د.ئەفراسیاب موسا بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆك بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ڕەوشی كۆرۆنا مەترسیدارە لە پارێزگای دهۆك، پێشووتر شەپۆلی دووەم پێش مانگ و نیوێك تەواو بوو، بەڵام ئەم شەپۆلە زووتر هات و زۆر بەخێرایی نەخۆشەكان زیاتر بوون لەماوەی دە ڕۆژ بۆ دوو هەفتە ژمارەكان زۆر بەرزبوونەوە كە گەیشتووەتە 560 حاڵەت لەڕۆژێكدا.
وتیشی”كۆرۆنای جۆری دەلتا لە پارێزگای دهۆك هەیە و ژمارەیەكی زۆر لەمجۆرە نوێیە دەستنیشان كراون”.
ئاشكراشیكرد، ئەمجۆرەی كرۆنا(دەلتا) لەهەموو جۆرەكانی تر زیاتر بەخێرایی تەشەنە دەكات، لەناو كۆمەڵگە زۆر زۆر بڵاوبووەتەوە، چونكە ڤایرۆسەكە خێراتر بڵاودەبێتەوە لەناوخەڵكدا لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكەكە پابەند نییە بە ڕێنماییە تەندروستیەكان و تەنانەت ماسكیش نابەستن بۆیە زۆر خێرا بڵاودەبێتەوە.
جەختی لەوەش كردەوە، ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرە بێت لەوانەیە لە نەخۆشخانەكان جێگە نەمێنێت، ئێستا ژمارەی مردن بەو شێوەیە نییە كە بڵێین لە پێشتر زیاترە، بەڵام نازانیین لەوانەیە لە دوای دوو هەفتەی تر یان سێ هەفتەی تر ژمارەی مردن بەرزتر بێت.
دەربارەی ڕێكارەكانی تەندروستی بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، ناوبراو ڕایگەیاند، وەك ڕێكارەكانی تەندروستی دەمێنێتەوە سەر خەڵكەكە بۆخۆی دەبێت خۆیان بپارێزن و ماسك ببەستن، با سەردان نەبێت ئەگەر پێویستی نەبێت یان ئیشێكی گرنگیان نەبێت بۆ ژیانی خۆیان باتێكەڵاویی و قەڕەباڵغی نەكەن، چونكە ڕەوشێكی زۆر مەترسیدارە و پێشبینی دەكەین ئەو شەپولە توندتر بێت، هەر لەو ڕۆژانە پێشبینی دەكەین ژمارەكە زۆر زیاتر بێت.