دابان محەمەد: لەم مانگەوە لێبڕین بەردەوام بێت، دەچێتە خانەی لێدزینی سەد لە سەد
  2021-07-19       521       
دابان محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت "داھات و پارەی تەواو لە بەردەستی حکومەتدایە، بێ لێبڕین موچە دابەش بکات، نەک بۆ ئەم مانگە بۆ مانگەکانی داھاتوش.لێبڕینی موچە کۆتایی پێنەیەت، خەلک مافی خۆیەتی بڵێت ئەم کابینەیە گەندەڵە و دزیەکی ئاشکرا دەکات".

ئاوێنە: لەنوسینێکدا کە لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە دابان محەمەد ڕایگەیاندووە "بەپێی حاسیبە و ژمارەکانی تیمی ئەنجومەنی وەزیران و خودی حکومەتی ھەرێم، بە بێ ٢٠٠ ملیار دینارەکەی بەغداش، داھاتی پێویست لەبەردەست بوە بۆ موچە، بەڵام گرتنەوەی داھات لە لایەن پارتی و یەکێتی بە ڕێژەی ٤٣٪‏ بە ٪‏ ٥٧ نەک موچەی تەواو، بوبوە ھۆی دواکەوتنی موچە بە لێبڕینەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەشڵێت "ھیچ بیانویەک نیە لێبڕین بەردەوام بێت، ئەم کابینەیەی حکومەت متمانەیان بەو ڕێککەونە و پارەیە نیە کە لە بەغداوە دێت! باشترە متمانەیان بەو درشمی چاکسازییانە ھەبێت، بەرزیان کردوەتەوە، کاری قاچاخی و کۆمپانیاکانی دەروازەکان، کۆتایی پێبێنن و باجی کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گەورە باجدەران وەربگرن، کۆی داھاتی ناوخۆی دھۆک، ھەولێر و سلێمانی بگێڕنەوە بۆ موچە، بێ شک لێبڕین کۆتایی دێت".

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕاگەیاند "ئێستا دوو ئاڕاستە دروستبوە، یەکەمیان وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانه‌ كه‌ داوادەکات لێبڕینی موچە لاببرێت، بەڵام ئاڕاستەی دوەم کە سەرۆکی حکومەت‌و بەشێک لەوەزیرەکانی پارتی پشتگیریی دەکەن، پێیان باشە لێبڕین قۆناغ بەقۆناغ لاببرێت‌و بۆ موچەی ئەم مانگەش بەلێبرینی 6% موچە دابەشبکرێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×