گەریلا بە چەکی قورس سوپای تورکی کردە ئامانج
  2021-07-19       1182       

گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە گردێکی هەرێمی ئاڤاشین بە چەکی قورس، سوپای  تورکیان کردە ئامانج.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چالاکیی گەریلاکانی دژی سوپای داگیرکەری تورک و هەروەها بەردەوامیی هێرشەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەمانە هاتووە:
ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٤:٤٠ خولەکی ئێوارە، لە گۆڕەپانی گردی سلێمان لە هەرێمی ئاڤاشین، مۆڵگەکانی داگیرکەران بە چەکی قورس کرانە ئامانج.
لە سەنگەر و تۆنێلەکانی شەڕی مەیدانی وەرخەلێ بەرخۆدانی مێژوویی هێزەکانمان بەردەوامە، لە ١٨ی ئەم مانگەدا تا شەو داگیرکەران بە گازی ژەهراویی و ڕێژەیەکی زۆر تەقەمەنیی هێرشیان کرد و هیچ ئەنجامێکیان دەستنەکەوت.
ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە کاتژمێر ١٠:٥٠ خولەک بۆ ١٢:٣٠ خولەکی شەو، هێلیکۆپتەر بەسەر مەیدانەکانی مەرڤانۆس، تابوری عەرەبان و گردی سلێمان سووڕایەوە، گۆڕەپانی گردی ستوون و گردی سۆر بە هێلیکۆپتەر بۆردوومان کران.
ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٩:١٠ خولەکی بەیانی لە مەیدانی گردی سۆر کاتێک داگیرکەران ویستیان لە سەنگەرەکانی شەڕ نزیک ببنەوە، کرانە ئامانج و بە ناچاری کشانەوە، کاتژمێر ٠٩:٤٠ خولەک دیسان هەوڵیاندا هێرش بکەن و جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانمانەوە لێیاندرا، ئەوانیش دیسان کشانەوە و لە بنکەی سیڤرییەوە مەیدانی گردی سۆریان تۆپباران کرد.
ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٦:١٠ خولەکی بەیانی لە گردی دووپشک لە هەفتانین بە چەکی قورس و بە کاریگەر مۆڵگەی داگیرکەران کرانە ئامانج.
ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە، کاتژمێر ١٠:٣٠ بۆ ٠١:٠٠ی شەو، هێلیکۆپەتەر بەسەر مەیدانی قاشوورا لە مەتینا سووڕایەوە و هێرشیان کردە سەر گوندی کێستە و هرۆر سەربە کانی ماسی لە ئامێدی.
ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە کاتژمێر ١٢:٠٠ بۆ ٠١:٠٠ی نیوەشەو، لە بنکەکانی سەر سنوورەوە بە هاوەن مەیدانی چەمچۆ تۆپباران کرا.
ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەک بۆ ١٠:٠٠ی پێشنیوەڕۆ، مەیدانەکانی چەمچۆ و سیدا بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانکران.
لەم هێرش و بۆردوومانانەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوت.



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×