نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی
  2021-07-19       697       

ئەمڕۆ دوشەممە، نرخی نەوت گەورەترین دابەزینی رۆژانەی لە كۆتاییەكانی مانگی سێی ئەمساڵەوە بەخۆیەوە بینی و زیاتر لە 3 دۆلار لە بەهای خۆی لە دەست دا، ئەوەش دوای ئەوەی وڵاتانی ئۆپیك پڵەس گەیشتنە رێككەوتن لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، نرخی نەوتی برێنت 3.61 دۆلاری لە بەهای خۆی لە دەستداوەو نرخی بەرمیلێكی بۆ 69.68 دۆلار دابەزیوەو هەروەها نرخی نەوتی تەكساس 3.75 دۆلاری لە بەهای خۆی لە دەستداوەو نرخی بەرمیلێكی بۆ 68.06 دۆلار دابەزیوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە دوێنێ یەكشەممە، وڵاتانی ئۆپیك پڵەس گەیشتنە رێككەوتن لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی داهاتوەوە.

رۆیتەرز نوسیویەتی، هاوكات لەگەڵ رێككەوتنی وڵاتانی ئۆپیك پڵەس لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت، لە بەشێكی زۆری وڵاتان ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا بەرزبۆتەوەو ئەوەش نیگەرانی لەبارەی خواست لەسەر نەوت لەسەر ئاستی جیهان دروست كردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×