پەیامێك لە لاهور شێخ جەنگییەوە: بەشێوەیەکی کاتی دەسەڵاتەکانم پێشکەش بەهاوسەرۆکی دوەم کردوە
  2021-07-19       1974       

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی، ئەمشەو دوشەممە لە پەیامێكدا رایگەیاند، خۆشحاڵە كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان رێڕەوی حزبییان گرتۆتەبەر و دەشڵێت، بەشێوەیەکی کاتی دەسەڵاتەکانم پێشکەش بە هاوسەرۆکی دوەم کردوەو تاکە مەرجیشم بۆ ئەمە پێکهێنانی لیژنەیەکە لە مەکتەبی سیاسی بۆ لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی هەمو ئەو تۆمەت و پڕوپاگەندانەی كە لە هەندێک میدیا و سۆشیاڵ میدیا، بڵاوكراونەتەوە. دەشڵێت: لە بەرپرسیارێتی سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان دەكشێمەوە.

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی لە پەیامەكەیدا سەبارەت بە بێدەنگبونی لەدوای روداوەكانی 8ی ئەم مانگە، وتویەتی"هەرگیزا و هەرگیز باوەڕم بە بەکارهێنانی هێز نەبوە و نییە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی حزبی..نابێت ڕێگە بدەن نە بەندە و نە هیچ کەسێکی تر لەم هەرێمە بۆ مەرامی شەخسی خۆیان بەکاریان بهێنن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دان بەخۆداگرتنمان و نەبونی پەرچەکردارمان تەنها لە پێناو خۆشەویستیمانە بۆ خاک و خەڵکی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی شاری سلێمانی و هەرێمەکەمان، ئەوەی کە گرنگ بو خوێن لە لوتی منداڵێکی هەژاری ئەم هەرێمە نەهات لە پێناو یەکلایکردنەوەی کێشەی حزبی ئێمە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "توانیمان بەو بێدەنگییە؛ ڕێگری بکەین لە لەتبونی یەکێتیی."

هەروەها وتوشیەتی"خۆشحاڵم کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ڕێرەوی حزبیمان گرتۆتەبەر کە تەنها ئەوەش ڕێگەچارە دروست و ڕێپێدراوەکەیە کە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە لە کۆنگرەدا شەرعیەتی وەرگرتوە، چونکە ئێمە لە کۆنگرەدا بە هەڵبژاردن هاتوین نەک بە ئینقیلاب."

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەداوە كە "لەسەر ڕەزامەندیی خۆم و بەشێوەیەکی کاتی دەسەڵاتەکانم پێشکەش بە هاوسەرۆکی دوەم کردوە تا ئەو کاتەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەمان هەموار دەکرێتەوە. ئەمەش وەک ڕێگەچارەیەک بۆ ڕێگریکردن لەو خوێن بەربونەی کە لە ئارادا بو."

هەروەك ئەوەشی وتوە"لە هەمان کاتدا تاکە مەرجم بۆ ئەمەش پێکهێنانی لیژنەیەکە لە مەکتەبی سیاسی بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچونی هەمو ئەو تۆمەت و پڕوپاگەندە بێبنەمایانەی لە هەندێک میدیا و سۆشیاڵ میدیا بۆ چەواشەکردن بڵاودەکرانەوە و لە دوایشدا ئەنجامەکانی بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ڕایگشتی بڵاوبکرێتەوە."

ئاشكراشیكردوە "بەدڵگرانییەوە لە سۆنگەی ئەم پێشهاتە نوێیانەی ناو حزبەکەم لە بەرپرسیارییەتی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان دەکشێمەوەو بەرپرسیارێتییەکەی بە هاوسەرۆک و ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەسپێرم."

دەقی پەیامەکە:

پەیامێک لە هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی-یەەوە
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، جەژنی قوربانتان پیرۆز بێت، هیوادارم ئەم جەژنە بە ئارامی و بە خۆشی بەسەربەرن.
لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم کە داوای لێبووردن لە ئێوەی خۆشەویست بکەم بۆ ئەو ڕووداوانەی کە لە پیلانگێڕیی ٨ـی تەمووزەوە دەستیانپێکرد و بوونە مایەی نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ لای ئێوەی خۆشەویست.
دیارە هەمووتان پرسیاری ئەوەتان لا دروستبووە کە بەندە بۆچی بێدەنگیم هەڵبژارد، لێرەوە دەمەوێت پێتان بڵێم هەرگیزا و هەرگیز باوەڕم بە بەکارهێنانی هێز نەبووە و نییە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی حزبی، پێم وایە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان تەنها لە کاتی مەترسی لە سەر هەرێمەکەمان و هاووڵاتییانی کورد دەبێت ڕووی تفەنگەکانیان لە دوژمن بێت، نابێت ڕێگە بدەن نە بەندە و نە هیچ کەسێکی تر لەم هەرێمە بۆ مەرامی شەخسی خۆیان بەکاریان بهێنن، دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە دان بەخۆداگرتنمان و نەبوونی پەرچەکردارمان تەنها لە پێناو خۆشەویستیمانە بۆ خاک و خەڵکی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی شاری سلێمانی و هەرێمەکەمان، ئەوەی کە گرنگ بوو خوێن لە لوتی منداڵێکی هەژاری ئەم هەرێمە نەهات لە پێناو یەکلایکردنەوەی کێشەی حزبی ئێمە، لە هەمان کاتدا توانیمان بەو بێدەنگییە؛ ڕێگری بکەین لە لەتبوونی یەکێتییەکەی مامی ڕابەر و کۆچکردوومان، لە ئێستاشدا خۆشحاڵم کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ڕێرەوی حزبیمان گرتۆتەبەر کە تەنها ئەوەش ڕێگەچارە درووست و ڕێپێدراوەکەیە، کە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە لە کۆنگرەدا شەرعیەتی وەرگرتووە، چونکە ئێمە لە کۆنگرەدا بە هەڵبژاردن هاتووین نەک بە ئینقیلاب.
لەو پێناوەشدا بەندە بە دڵێکی فراوانەوە لەسەر ڕەزامەندیی خۆم و بەشێوەیەکی کاتی دەسەڵاتەکانم پێشکەش بە هاوسەرۆکی دووەم کردووە تا ئەو کاتەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەمان هەموار دەکرێتەوە. ئەمەش وەک ڕێگەچارەیەک بۆ ڕێگریکردن لەو خوێن بەربوونەی کە لە ئارادا بوو.
لە هەمان کاتدا تاکە مەرجم بۆ ئەمەش پێکهێنانی لیژنەیەکە لە مەکتەبی سیاسی بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی هەموو ئەو تۆمەت و پڕوپاگەندە بێبنەمایانەی لە هەندێک میدیا و سۆشیاڵ میدیا بۆ چەواشەکردن بڵاو دەکرانەوە و لە دوایشدا ئەنجامەکانی بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ڕایگشتی بڵاوبکرێتەوە.
هاوکات بەدڵگرانییەوە لە سۆنگەی ئەم پێشهاتە نوێیانەی ناو حزبەکەم لە بەرپرسیارییەتی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان دەکشێمەوە و بەرپرسیارێتییەکەی بە هاوسەرۆک و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەسپێرم.
ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سوپاسی یەک بە یەکتان دەکەم بۆ دەربڕین و نیشاندانی ئەو پشتیوانییە گەورەیە بۆ بەندە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دووپاتی دەکەمەوە کە یەکێتیی لای من لە هەموو پلە و پۆستێک گەورەترە و دڵنیاش بن کە لە جێی ئەو متمانەیە دەبم کە پێتان بەخشیوم و بە تەنیا بەجێتان ناهێڵم، هەموو توانای خۆم دەخەمە گەڕ بۆ پاراستنی ناوماڵی یەکێتیی و بەردەوام دەبم لەسەر هەڵوێستە نەگۆڕەکانم لەسەر شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان و بە سەروەریکردنی یاسا و ڕێگریکردن لە تاکڕەوی سیاسی و ئەجێندا ئیقلیمییەکان.
دووپاتیشی دەکەینەوە پشتیوانیی هەموو کارێکی چاکسازی و پاکسازی دەکەین، وەک چۆن لە ڕابردوودا هەموو هەوڵێکمان خستەگەڕ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و کۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچە، لە داهاتووشدا کار بۆ باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتییان دەکەین و پشتیوانی لەو هەوڵانەش دەکەین کە بۆ ڕێگەگرتن لە قاچاخچێتیی سنوورەکان لە ئارادان.
لە کۆتاییدا ئامۆژگاریی هەڤاڵانم دەکەم کە بۆ پاراستنی ناو و ناوبانگی حزبەکەمان و سەقامگیریی هەرێمەکەمان، تاکە ڕێگەی حەکیمانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پەنابردنە بۆ وتووێژ و گفتوگۆ لەناو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی.
هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×