گەشتوگوزاری هەرێم: چاوەڕوان دەكرێت ئەم جەژنە گەشتیارێكی زۆر ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكات
  2021-07-20       250       

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕوان دەكرێت بۆ ئەم جەژنە زیاتر لە 240 هەزار گەشتیار ڕوو لە پارێزگاكانی هەرێم بكەن.

ئاوێنه‌:   نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم،  ڕاگەیاند، “دەستەی گەشتوگوزار هەموو ساڵێك لە بۆنە و جەژنەكان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی گەشتوگوزار هەماهەنگی و ئامادەكاری دەكەن بۆ هاتنی گەشتیاران و ئەمساڵیش لیژنە پێكهێنراوە بۆ پێشوازیكردن، چاودێریكردن و بەدواداچوون لە ڕێستۆرانت و شوێنەكان”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “چاوەڕوان دەكرێت ئەم جەژنە گەشتیارێكی زۆر ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكات، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاسانكاری كردووە لە بازگەكانەوە بۆ هاتنی گەشتیار ئەوەش وادەكات ڕێژەی هاتنی گەشتیار باشتربێت”.

وتەبێژی گەشتوگوزاری هەرێم پێشیوایە، “بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە خوار و ناوەڕاستی عێراق و پشووی خوێندن وادەكات هاتنی گەشتیاران زیاتربێت”.

نادر ڕۆستی ئاشكراشیدەكات، “بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2020 گەشتیار نەبوو، پێشبینی دەكەین ڕێژەی هاتنی گەشتیار لەم ساڵدا زیاتربێت لە ساڵی 2019 ە كە 240 هەزار گەشتیار هاتبوونە هەرێم”
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×