بەرپرسی لقی بەغدای پارتی: لەگەڵ رەوتی سەدر ڕێککەوتنی سیاسیمان هەیە بۆ دوای هەڵبژاردن
  2021-07-20       351       

بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ڕێککەوتنی سیاسی نێوان حیزبەکەی و ڕەوتی سەدر بۆ دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی عێراقە، نەک کاتی هەڵبژاردن، ئاماژە بەوەشدەكات تا ئێستا هیچ کاندیدێکی سەدری نەکشاوەتەوە.

ئاوێنه‌: شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی بەغدای پارتی بە ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "لەگەڵ ڕەوتی سەدر لەڕووی مەبدەئەوە قسە لەسەر داهاتووی عێراق کراوە لەدوای هەڵبژاردن، ڕێککەوتنی نێوان حیزبەکەشی و ڕەوتی سەدر پەیوەست نییە بە سیستەم و جۆری هەڵبژاردنەوە، بەڵکو ڕێککەوتنی سیاسیمان هەیە بۆ دوای هەڵبژاردن، نەک کاتی هەڵبژاردن."

بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دەشڵێت، "قسەکردن لەسەر بابەتی کشانەوەی سەماحەتی موقتەدا سەدر تا ئێستا خیتابێکی سیاسیە، هیچ کاندیدێکی نەکشاوەتەوە و دەرگای کشانەوەش داخراوە، دۆخەکە پەیوەست نییە بەکشانەوەی سەدر، بەقەد ئەوەی پەیوەستە بە گرژی سیاسی و ئەمنی و ئابووری لە عێراق دا."

شوان محەمەدئەوەشی خستۆتەڕوو، "دەمانەوێ لەڕێگەی چوونە بەغدا، قەوارەی هەرێم ڕابگرین، هەنگاوی باشیش بۆ ئەمە نراوە، گەر هەڵبژاردن بکرێت، پێموایە دەتوانین وەکو ئەوەی پارتی نەخشەی بۆ کێشاوە ئەنجامی بدەین."

شوان محەمەد دەڵێت"پارتی بەفەرمی باسی سەرۆک کۆماری نەکردووە، بەڵام دوای هەڵبژاردن، سەرکردایەتی سیاسی تێڕوانینی خۆی لەسەر کۆی بابەتەکانی بەغدا دەخاتەڕوو."

پێشتر چەند میدیایەکی ناوخۆیی و جیهانی ئاماژەیان بە رێککەوتنێکی نهێنی لەنێوان پارتی و رەوتی سەدردا کرد، کە تیایدا سەدر بارزانی لەنێو کورددا بە تاکە مەرجەع و پارتیش، موقتەدا سەدر بە تاکە مەرجەعی نێو ماڵی شیعەکان لەقەڵەمبدەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×