هاوسەرۆكی هەدەپە: هەڵوێستی هەندێك لایەنی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر پرسی كورد مایەی شەرمەزارییە
  2021-07-20       456       

هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رەخنە لە هەڵوێستی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا دەگرێت بەرامبەر بە چارەسەری پرسی كورد و دەشڵێت: ئەگەر پارتەكەشیان دابخرێت، دەتوانن هاوكێشەی سیاسی لەو وڵاتە بگۆڕن.

ئاوێنه‌: مەدحەت سانجار، هاوسەرۆكی هەدەپە رایگەیاند: پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن دەتوانن بەرنامە و پلانیان هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، بەڵام ئەوان ترسیان لە چارەسەركردنی كێشەی كورد هەیە و بەشێكیان لێدوانی خراپ و جێگەی نیگەرانی دەدەن، كە مایەی شەرمەزارییە.

وتیشی: "هەموو ئەو هێرشانەی لە توركیا دەكرێنە سەر هەدەپە، تەنها هێرش نین بۆ سەر پارتێك، بەڵكوو هێرشن بۆ سەر دیموكراسی لەو وڵاتە".

هاوسەرۆكی هەدەپە راشیگەیاند: "پارتەكەیان ئەو هێزەی هەیە بتوانێت لە ئەگەری داخستندا بەرگری لە خۆی بكات، هەروەها بەرنامە و پلانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش هەیە".

سانجار جەختیشیكردەوە: "ئێمە وەكوو هەدەپە لەگەڵ ئەوە داین توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە و لەو ڕووەشەوە ئامادەكاریی كراوە. دەمەوێت بڵێم ئەگەر هەدەپە دابخەن، ئەوە بزانن ئەوەی هاوكێشەی سیاسی لە توركیا دەگۆڕێت هەر ئێمەین و ئەوەش دەسەلمێنین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×