2021-07-20   609     
موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، لەم کاتەدا کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک زیادی کردووە، ئەوان نایانەوێت هیچ پارتێکی کوردی لاواز ببێت و دەشڵێت"ئەگەر کوردان خوێنی یەکدی بڕژێنن، ١٠٠ ساڵی دیکە شکستدەهێنین. ئەو کاتەش کارەساتێکی راستەقینەمان بەسەردا دێت.
ئاوێنه: قەرەیلان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فورات نیوز رایگەیاند"راستە ئێستا دوژمن هێرشێکی گەورەی کردووەتە سەر باشووری کوردستان. لەو ئۆپراسیۆنەدا دوژمن لە هەموو کات زیاتر تەکنەلۆژیا بەکار دەهێنێت. فڕۆکە و کۆپتەر و تۆپی جۆراوجۆر بەکار دەهێنێت و مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، ئۆپراسیۆنێکە، کە دەوڵەتی تورک لەسەر بناغەى پشتبەستن بە تەکنەلۆژیا رێکیخستووە. سەرنج بدەن، دەوڵەتی تورک ئابوورییەکەى لاواز بووە، بەڵام هیچ گوێ بەو کێشەیە نادات و بە شەو و رۆژ فڕۆکەى بەسەر باشووری کوردستاندا دەسوڕێتەوە. لێرەدا مرۆڤ دەتوانێت ئەوە ببینێت، کە دەوڵەتی تورک چەند گرنگی بەو ستراتیژیایەی دەدات. ئێستا ئێمە ئەوان چۆن تێکبشکێنین؟".
جەختیشیکردوەتەوە کە ئێستا دەوڵەتى تورک هێرشی کردووەتە سەر هێڵی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا. ئەو هێڵە پیش مەتینایە. ئەو هێرشە ئێستا ٨٦ رۆژە بەردەوامە. ئەوان بانگەشەى ئەوە دەکەن، کە ئێمە دەتوانن ئەو دەوڵەتە لێرەدا تێکبشکێنن کە بەوتەى خۆی ئەو توانایی و دەرفەتە هەیە.
ئەندامەکەى کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە دەشڵێت، ئێمە دەتوانین لێرەدا تێکیان بشکێنین. ئەگەر گەریلا گەمارۆ نەدرێت، بەرەی پشتەوەی گەریلا نەگیرێت، رێگاکانی گەریلا نەگیردرێن و دانەخرێن و پێدانی زانیاریی سیخوڕی بە دەوڵەتى تورک رابگیرێت، گەریلا بەم شێوازە، کە تا ئیستا بەرخودان و بەرەنگاری دەکات و ئەگەر ئەوە بەردەوامی پێ بدات، ئەوا دەوڵەتی تورک تێکدەشکێنن.
هەروەها قەریلان روونیدەکاتەوە، ئەوان هاوکاری و یارمەتییان ناوێت و با تەنها هێزەکانی باشوور بێ لایەن بن، لەمپەر و گرفت دروست نەکەن، سەیر بکەن. گەریلا دەتوانێت دەوڵەتی تورک تێکبشکێنێت.