هێمن هەورامی رەتیدەكاتەوە كشانەوەی سەدرییەكان لە هەڵبژاردنەكان "زەڕبە" بوبێت بۆ پارتی
  2021-07-20       529       

هێمن هەورامی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی رایگەیاند، عێراق بە ئاڵۆزییەكی یەكجار گەورەدا تێدەپەڕێت و وا پێدەچێت عێراق و ناوچەكە چیتر لە ئەولەویاتی سەرەكی ئەمریكادا نەبن. دەشڵێت: تا ئێستا رون نییە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەكرێت یان نا. هەروەها رەتیشیدەكاتەوە كە كشانەوەی سەدرییەكان لە هەڵبژاردنەكان "زەڕبە" بوبێت بۆ پارتی.

ئاوێنە: بەپێی میدیای رەسمی پارتی، ئەو قسانەی هێمن هەورامی لە وێبینارێكی لقی 6ی ئەوروپاتی حزبەكەیدا هاتون لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانەوە.

هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەداوە كە "هەرێمی کوردستان ئێستا بە پڕۆسەی دەوڵەتسازی و بەهێزترکردنی دامەزراوەکان و خزمەتکردنی هاوڵاتیاندا تێدەپەڕێت، ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەمیشە ڕومان لە ئایندەیە و ڕابردو بۆ وانە وەرگرتن بەکاردێنین بە مەبەستی وەدەستهێنانی ئامانجەکان و دەستنیشانکردنی چوارچێوەی ستراتیژیەتمان."

ئەوەشی خستۆتەڕو""کۆمەڵێك تەحەدیاتی گەورە لەبەردەمی هەرێمی کوردستانن لەسەر ئاستەکانی ناوخۆ، عێراق و ناوچەکە و جیهان کە پێویستە هەرێم خۆی بۆی ئامادە بکات. لە ناوخۆشەوە هەرێمی کوردستان روبەڕوی سێ تەحەدیاتی گەورە بۆتەوە کە بریتین لە تەحەدیاتە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکان."

بەبڕوای ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی"بەهۆی ژمارەیەك هۆکاری جیاوازی ناوخۆ و دەرەکی، هەڵکشان و داکشانێکی زۆر لە پەیوەندی نیوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا هەیە، دەبوایە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان ڕەچاوی ئەو تەحەدیاتانەیان بکردبایە لە عێراق و ناوچەکە و جیهان، پەیوەندییەکی تەندروست تر لە نێوانیاندا هەبوایە."

هێمن هەورامی جەختی كردۆتەوە كە "بەغدا هەر بەردەوامە لە سزادانی هەرێمی کوردستان کە ئەوەش لەگەڵ بڵاوبونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا بونە تەحەدیاتێکی گەورەی ئابوری کە هەرێمی کوردستان دوچاری بوەتەوە."

لەبارەی دۆخی رێكخراوی داعشیش وتویەتی"داعش هەڕەشەیەکی لەناوچو نییە، بەڵکو خەریکە خۆی کۆدەکاتەوە و کار لەسەر ناسەقامگیرکردنی بارودۆخی هەرێم دەکات."

سەبارەت بە پەکەکەش، هێمن هەورامی وتویەتی"پەکەکە بوەتە ڕێگە خۆشکەر بۆ لەشکرکێشی تورکیا بۆ ناو هەرێمی کوردستان و تێکدانی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە. خۆسەپاندنی پەکەکە بەسەر هەندێك لە ناوچە کوردستانییەکان و ڕێگرتنیان لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان لەگەڵ بەغدا و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ حەشدی شەعبی کاریگەری نەرێنیان لەسەر هەرێمی کوردستان دروستکردوە."

لەبارەی بارودۆخی عێراق و هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هێمن هەورامی وتی"عێراق بە ئاڵۆزییەکی یەکجار گەورەدا تێدەپەڕێت و ناڕونی و نادڵنیایی لە کەیسی عێراقدا هەیە. وا پێدەچێت عێراق و تەواوی ناوچەکە چیتر لە ئەولەویاتی سەرەکی ئەمریکادا نەبن، ئێستاش ڕون نییە کە هەڵبژاردن دەکرێت یان نا، چاوەڕوانی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ ئەنجامدانی دەکرا.

وتیشی"بۆ ئەو کەسانەی کە دەڵێن کشانەوەی سەدرییەکان لە هەڵبژاردنەکان زەڕبە بو بۆ پارتی، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەوە راست نییە، چونکە ئێمە هیچ هاوپەیمانیەتەکمان لەگەڵ سەدرییەکان ئەنجام نەدابو تا کشانەوەیان ببێتە زەڕبە. لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ ئەوان و لایەنە عێراقییەکانی تریش هەیە. چۆڵکردنی گۆڕەپانەکە لە لایەن سەدرییەکانەوە، بارودۆخی عێراق خراپتر دەکات و ململانێی نێوان لایەنە شیعیەکان زیاتر دەکات."

هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە نامانەوێت ببینە تەڕەفی وڵاتێکی ئیقلیمی لەسەر حیسابی وڵاتێکی تر، یاخود لە ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا."و وتیشی"پارتی دیموکراتی کوردستان خوازیاری پەیوەندیەکی هاوسەنگە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×