گەشتوگوزاری هەرێم: ئامادەكاری تەواومان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران كردووە
  2021-07-21       291       


سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند: لە رۆژانی جەژندا، ئامادەكاریی تەواویان بۆ پێشوازی لە گەشتییاران كردووەو رێژەیەكی زۆری گەشتیار روویان لە شارەكانی هەرێم كردووە، ئەمەش كاریگەری باشی لەسەر بوژانەوەی كەرتی گەشتیاری هەرێم دەبێت و داهاتێكی باشی دەبێت.

ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم بە  میدیای فەرمی یەكێتیی راگەیاندوە: وەك دەستەی گشتی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانمان لە هەرچوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان تەواوی ئامادەكارییەكانمان بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران و شێوازی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و رێنوێنی كردنیان لە لایەن بنكەكانی گەشتیارییەوە كە لە رێی بڵاوكراوەو زانیارییەكانی تایبەت بە شوێنە گەشتیارییەكان و شوێنەوارەكان لەرێگەی تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانمانەوە پێشكەش بە گەشتیاران دەكرێن، لە هەمان كاتدا تیمی پێشوازیكردن بە هەماهەنگی لەگەڵ بازگەكان و خاڵە سنووریەكان و فڕۆكەخانەكاندا هەیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی باش پێشوازی لە گەشتیاران بكرێت.

وتیشی: بۆ بابەتی چاودێریكردنی نرخ و گرانەكردنی خۆراك و هۆتێل و مۆڵەكان و شوێنە گەشتیارییەكان، وەك دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم هەماهەنگی راستەوخۆمان لەگەڵ قائیمقامیەتی شارەكان و لیژنە هاوبەشەكانی سەربە قائیمقامیەتەكان و چاودێری بازرگانی هەیە كە تیمەكانیان بە رۆژانی جەژنیش هۆتێل و مۆڵ و شوێنە گەشتیارییەكان بەسەر دەكەنەوەو لە نزیكەوە چاودێری نرخ و پاك و خاوێنی و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ گەشتیاراندا دەكەن، تاكو رێگە نەدرێت بەجۆرێك لە جۆرەكان فێڵ لە گەشتیاران بكرێت، بە زیادكردنی نرخەكان و پێشكەشكردنی خۆراكی خراپ و مامەڵەكردنی خراپ لەگەڵ گەشتیاراندا.




زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×