شوان داودی: کێشەکانی نێو یەکێتی، میدیای حیزبی توشی شڵەژان کرد
  2021-07-21       1478       

شوان داودی، سەرپەرشتیاری گشتی دەزگای میدیایی کەرکوکی یەکێتی، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە پۆستەکەی دورخرایەوە ڕایدەگەیەنێت، دورخستنەوەی لە پۆستەکەی پەیوەندی بە نزیکییەوە هەبوە لە لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتییەوە.

ئاوێنە: شوان داودی کە دورخستنەوەی لە پۆستەکەی مشتومڕی میدیایی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە دەنگی ئەمریكای وتوە"لابردنم، دو لایەنی هەیە، من ڕای جیاوازم هەیەو بە ئاسانی ناچمە ژێر باری هەمو شتێک، بڕیاربو وەکو مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی، بێلایەن بین و نەبینە بەشێک لە کێشەکانی نێو حیزب، بەڵام بەداخەوە مەکتەبی ڕاگەیاندن بوە بەشێک لە کێشەکان."

جەختیشیکردەوە "کاتێک لە دەزگای میدیایی کەرکوک دەست بەکاربوم، لاهور شێخ جەنگی پشتیوانی کردم، بۆیە برادەران دۆخی ناو یەکێتیان بەدەرفەت زانی و دوریان خستمەوە."

لەبەشێکی تری گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شوان داودی ڕەخنەی لە میدیای حیزبەکەی گرت بەوەی "بوەتە بەشێک لە شڵەژانەکانی نێو یەکێتی" و وتیشی"مەکتەبی ڕاگەیاندن بڕیاریدا هەواڵەکانی لاهور شێخ جەنگی بڵاونەکاتەوە، توشی حاڵەتێکی شڵەژان بو، هەواڵ دەهات ناڕاستبو، لە کەناڵە موعتەبەرەکان بڵاو دەکرایەوە، دوای دە دەقە داوا دەکرا هەواڵەکان بسڕنەوە، یانی شڵەژانەکە، ڕەنگدانەوەی لەسەر میدیای یەکێتیش هەبو."

هەرچەندە شوان داودی، دورخستنەوەی لە سەرپەرشتیاری گشتی دەزگای میدیایی یەکێتی بۆ نزیکایەتی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی دەگێڕێتەوە، بەڵام مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی لە ڕونکردنەوەیەکدا، وتبوی "دەبوایە لە ڕۆژی 2/11/2020 ەوە، عیماد ناسیح لە جێگەی شوان داودی دەستبەکاربێت، بەڵام داودی هانای بۆ بەرپرسان بردوە بۆ دواخستنی بڕیارەکە، ئێستا کە دەرفەت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی یەکێتی لەبارە، بڕیاری لابردنی شوان داودی پەسەند کرا."

لەبەرامبەردا، شوان داودی باسی لەوە كرد، بە ئیمزای بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندن دەست بەکاربوم و بە ئیمزای ئەویش دەستبەرداری پۆستەکەم بوم، چونکە پێشتر کێشەی سیاسی هەبو لەسەرم، وتی"پێشتر هەڤاڵێکی تر دانرابو، من ڕەتکرابومەوە، چونکە بەرپرسی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی منی قەبوڵ نەبو وەکو شەخس و لە ڕێی ئەوەوە نەهاتبوم، تەنانەت ڕێگریش بو لە چونم بۆ کۆنگرە."

داودی وتیشی "بڕیاری گۆڕانکاری لە 6 کەناڵەکەی یەکێتی جێبەجێکرا، بەڵام ئەوەی کەرکوک نەکرا، داواملێکرا دەستبەرداری کارەکەم نەبم، تا مەسەلەکە یەکلایی دەبێتەوە، ئەم دۆخەی بەسەردا هات، ئینجا پێش جەژن من ئیستیقالەم کرد، لەلایەن هاوسەرۆکانەوە ڕەتکرایەوەو داوایانکرد، بمێنمەوە تا دوای هەڵبژاردن."

لەکۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شوان داودی بەرپرسی لەسەرکارلابراوی دەزگای میدیایی کەرکوکی یەکێتی، جەختیکردەوە گەر یەکێتی بەم دۆخەوە بەشداری هەڵبژاردن بکات، توشی زەرەری گەورە دەبێت، چونکە شڵەژانێکی گەورە جەماوەری یەکێتی گرتوەتەوەو کەس ناویرێ قسە بکات، بەرچاویان ڕون نییە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×