لە پێنج رۆژی رابردودا 70 هەزار گەشتیار هاتونەتە پارێزگای سلێمانی
  2021-07-21       150       

گەشتوگوزاری سلێمانی ئاشكرایكرد، لەماوەی پێنج رۆژی رابردودا و تا یەكەم رۆژی جەژن 70 هەزار گەشتیار رویان لەپارێزگای سلێمانی كردوە كە داهاتی هاتنی ئەو ژمارە گەشتیارە بە 14 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

ئاوێنە: داسیار محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و بەبازاڕكردن لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی یەكێتی راگەیاند: تەنها لەماوەی پێنج رۆژی رابردودا تا یەكەم رۆژی جەژنی قوربان 70 هەزار گەشتیار لەڕێی بازگەكان و دەروازەو فڕۆكەخانەوە رویان لەپارێزگای سلێمانی كردوە كە لەسەدا 85یان گەشتیاری ناوەڕاست و باشوری عیراقن و بەشێوەی گروپ هاتون.

وتیشی: لەپێش جەژندا وەك بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی پلانێكی تۆكمەمان دانا بۆ پێشوازیكردن لەگەشتیاران، بەتایبەت لەهەردو بازگەی تاسڵوجەو عەربەت و فڕۆكەخانەی سلێمانی، جگە لەوەش پێنج لیژنەی جیاوازی گەشتوگوزاری سلێمانی لەئەركدان بۆ چاودێریكردنی هۆتێل و مۆتێل و ریستۆرانتەكان و نرخی شوێنە گەشتیارییەكان و خواردنگەكان و تائێستا هیچ كێشەیەك بۆ گەشتیاران دروست نەبوەو نرخەكانیش جێگیرن.

بەڕێوەبەری راگەیاندن و بەبازاڕكردن لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی راشیگەیاند: بەپێی ئەو خەمڵاندنەی كردومانە بۆ ئەو 70 هەزار گەشتیارەی هاتون، ئەگەر هەر گەشتیارێك تەنها 200 دۆلار خەرجبكات ئەوا تا یەكەم رۆژی جەژنی قوربان 14 ملیۆن دۆلار داهاتی گەشتیاری بوە كە ئەوەش داهاتێكی باشی ئابورییە بۆ هەرێم و پارێزگای سلێمانی.

ئەوەشی خستەڕو كە لەئێستادا ژمارەیەكی زۆری تر لەگەشتیار بەڕێگاوەن بۆ پارێزگای سلێمانی و پێشبینی دەكەن تا كۆتایی رۆژانی جەژن ژمارەی گەشتیارانی هاتو بگاتە 130 هەزار كە بەراورد بەجەژنی رەمەزان كە گەیشتبوە 110 هەزار ژمارەكە زیاد دەكات.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×