فواد حسێن: بە ئێرانییەكانمان وتوە دەستوەردان بكەن بۆ راگرتنی هێرشەكان بۆ سەر فڕۆكەخانەی بەغداو هەولێر
  2021-07-22       440       

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند، لە دیدارەكانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بەڕاشكاوی دەستوەردان بكەن بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە دەكرێنە سەر فڕۆكەخانەی بەغداو هەولێر و ناوچەكانی دیكە، بەڵام ئێرانییەكان رەتیانكردۆتەوە كە ئەوان هیچ پەیوەندییەكییان بەو هێرشانەوە هەبێت.

ئاوێنە: فواد حسێن لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "ئەلحوڕە" وتویەتی، لە دیدارەكانماندا لەگەڵ تەواوی بەرپرسانی ئێران و لەسەر ئاستە جیاجیاكان، گفتوگۆی چەند پرسێك بە راشكاوی لەگەڵ لایەنی ئێرانی دەكەین، لەوانە هێرشەكان بۆ سەر فڕۆكەخانەی هەولێر و بەغداو ناوچەكانی تر، ئێرانییەكان بەڕەسمی پێمان دەڵێن ئێمە هیچ پەیوەندییەكمان بەو هێرشانەوە نییە.

وەزیری دەرەوەی عێراق وتوشیەتی، بەڵام لەمیانی چەندین گفتوگۆی دورودرێژدا چ لە بەغداو چ لە تاران داوامان لە ئێرانییەكان كرد دەستوەردان بكەن لەبارەی هەندێك لە گروپە چەكدارەكان بۆ راگرتنی هێرشەكان و پێمان وتن، هەندێك لەو گروپانە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە لەڕوی بیروباوەڕەوە سەربە ئێوەن.

فواد حسێن وتوشیەتی، هەندێك لەو گفتوگۆیانە بەرهەمیان ئەوەبوە كە لە قۆناغێكی دیاریكراودا هێرشەكان بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەكان و چەند ناوچەیەكی دیكە راگیراون، بەڵام من پێموایە چارەسەر لەنێوخۆی عێراقدایە كە دەست بە گفتوگۆ بكرێت لەگەڵ ئەو گروپانە.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×