شادی نەوزاد: سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ نامەیەکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەکردوم‌و هەرەشەی دورخستنەوەم لەفراکسیۆن لێدەکات
  2019-05-15       2502       
شادی نەوزاد

شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌كه‌ "زۆر نابەرپرسانەو لەرێگەی دادنوسەوە، نامەیەکی نایاسایی‌و هەڕەشەئامێزی ئاراستەکردوم‌و هەرەشەی دورخستنەوەم لەفراکسیۆن لێدەکات".

ئاوێنه‌: له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ ئاراسته‌ی‌ رای‌ گشتی‌ كردووه‌، شادی نەوزاد ده‌ڵێت، "من شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری کوردستان-م لەفراکسیۆنی "نەوەی نوێ"، پێم گرنگە رای گشتیی کوردستان لەهەڵوێستێکی نایاسایی‌و هەرەشەئاسا لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ "کازم فاروق"، بخەمەرو".

راشیگه‌یاندووه‌، "لەبری ئەوەی وەک سەرۆکی فراکسیۆن، بەرگریی ئەخلاقی‌و یاسایی‌و پیشەیی لەئەندامانی فراکسیۆنەکەی بکات‌و بەگژ ئەوانەدا بچێتەوە، کە هەرەشە لەئەندامانی فراکسیۆنەکەی دەکەن‌و بوختانیان بۆ دەکەن، هەروەکچۆن بەبەرچاوی خۆیەوە، هەرەشە لەئەندامانی فراکسیۆنەکەمان‌و خودی خۆشی کراوەو ئەویش لەژێر هەرەشەی ئەو باندە سیاسییەدایەو لەکۆبونەوەی ئەمدواییەی فراکسیۆنەکەشماندا ئەم هەڕەشانەی نەشاردووەتەوە، کەچی زۆر نابەرپرسانەو لەرێگەی دادنوسەوە، نامەیەکی نایاسایی‌و هەڕەشەئامێزی ئاراستەکردوم‌و هەرەشەی دورخستنەوەم لەفراکسیۆن لێدەکات، ئەگەربێتو بەشداری کۆبونەوەی فراکسیۆنەکەمان لەئۆفیسی سەرەکی "نەوەی نوێ"دا نەکەم، ئەمە لەکاتێکدا ئەو جێگایە بۆ من‌و چەند ئەندامێکی تری فراکسیۆنەکەمان جێگای متمانە نیە."

شادی‌ نه‌وزاد له‌رونكردنه‌وه‌كه‌دا ده‌ڵێت، "دواتر خۆ ئێمە فیرارمان نەکردووەو لەئەشکەوت خۆمان نەشاردۆتەوە تا سەرۆکی فراکسیۆن بچێت لەرێگەی دادنوسەوە ھەڕەشە بکات‌و داوای کۆبونەوە لەشوێنێکی گوماناوی نائەمین بکات."

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ راشیگه‌یاندووه‌، "من بەرایگشتی کوردستانی رادەگەیەنم: سەرۆکی فراکسیۆنێک هێندە نەزان بێت بەرامبەر یاسا، لەرێگای دادنوسەوە هەرەشە لەپەرلەمانتاریک بکات‌و هێندە بێ هەڵوێست بێت بەرگری لەهاوپیشەکانی نەکات، کە لەلایەن سەرۆکی حزبەکەوە کراوینەتە ئامانج، ئەی چۆن بەرگری لەهاوڵاتیان دەکات لەبەرامبەر دەسەڵاتدا؟".

ڕۆژی ٢٤ی نیسان، شادی‌ نه‌وزاد ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌فراكسیۆنی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ سکاڵای لەسەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکە تۆمارکرد به‌هۆی‌ هەڕەشەکردن‌و هەوڵدان بۆ ناوزڕاندنی پەرلەمانتاران تۆمەتباری کرد، بۆیە بەفەرمانی دادوەر بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 10 کەس له‌ئه‌ندامانی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ دەرچو.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×