بە درۆن هێرشكراوەتە سەر بنكەیەكی هاوپەیمانانان لە پارێزگای هەولێر
  2021-07-24       1016       

بەرەبەیانی رۆژی هەینی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هاوپەیمانانی لە نزیک شارۆچکەی هەریر لە پارێزگای هەولێر کردۆتە ئامانج، هێرشەکە زیانی ماددی و گیانی نەبوە.

ئاوێنە: وەین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەمڕۆ شەممە، بە روداوی راگەیاند، "رۆژی 23ی تەمموزی 2021 سەعات 1:23 خولەکی بەرەبەیان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هاوپەیمانانی لە کوردستان کردە ئامانج."

وەین مارۆتۆ ئەوەشی خستۆتەڕو"هێرشەکە زیانی مرۆیی و ماددی لێنەکەوتوەتەوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو هێزەکانی هاوپەیمانان بە ئاگا دەمێننەوەو لە چوارچێوەی مافی سروشتییاندا، بەرگری لە خۆیان دەکەن".

لیوای سائیرینی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامی، لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرتوەو رایگەیاندوە "چالاكی كردنە ئامانجی بنكەی هەریر لە پارێزگای هەولێر بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو لە ئەستۆ دەگرین كە لەلایەن داگیركارانی ئەمریكاوە كراوەتە پەناگە بۆ خۆیان و سیخوڕو بە كرێگیراوەكانیان."

بەپێی بەیاننامەكە لە ئەنجامی هێرشەكە زیانی ماددی كەوتۆتەوەو هێرشەكە سەعات 2ی بەرەبەیانی رۆژی هەینی ئەنجام دراوە.

 



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×