کەتیبەکانى حزبوڵڵاى عێراق هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات
  2021-07-24       481       

کەتیبەکانى حزبوڵڵاى عێراق کە سەربە حەشدى شەعبین، هەڕەشه‌ى زیاد کردنى هێرشەکانى سەر هێزەکانى ئەمریکا دەکەن، ئەگەر تا کۆتا سەربازییان لە عێراق نەکشێنەوە، سەرۆک وەزیرانى وەزیرى دەرەوەى عێراقیش بە نەگونجاو وەسف دەکەن.  

ئاوێنه‌: ئەبو عەلى عەسکەرى، بەرپرسى ئەمنى کەتیبەکانى حزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، سەبارەت بە دانوستانەکانى نێوان بەغدا و واشتن بۆ کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا، هیچ کام لە مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران و فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوە گونجاو نین و متمانەیان پێ ناکرێت بۆ هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى کەیسێکى گرنگ کە پەیوەندى بە سەروەرى عێراقییەکانەوە هەبێت.  

ئاماژەى بەوەشداوە، تەقینەوەکەى شارى سەدر کە بووە هۆى کوژرانى لانیکەم 35 کەس سەرکەوتوو نابێت وەک بیانوویەک بۆ مانەوەى هێزەکانى داگیرکەر.  

بەرپرسى ئەمنى کەتیبەکانى حزبوڵڵا جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەگەر دوژمن بە ڕاشکاوانە کشانەوەى هێزەکانى ڕانەگەیەنێت و بە شێوەیەکى مەیدانى دڵنیا نەکرێتەوە لەلایەن لیژنەکانى پەرلەمان و لیژنە نیشتمانى و ئەمنییە بەتواناکانەوە، ئەوا هێزە بەرگرییەکان پرۆسەکانیان لە سەرجەم پێگەکان فراوانتر دەکەن، تا ئەو کاتەى کۆتا سەرباز دەکشێتەوە و پارێزراو نابن.  

بڵاوکردنەوەى ئەو بەیاننامەیەک لە کاتێکدایە، لە ئێستا قۆناغێکى ترى گفتوگۆى ستراتیژى نێوان عێراق و ئەمریکا لە واشنتن دەستى پێکردووە و بەپێى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان، ئەگەرى هەیە کۆتایى هاتنى ئەرکى هێزە شەڕکەرەکانى ئەمریکا لە عێراق ڕابگەیەندرێت و تا کۆتایى ساڵ ئەرکیان بگۆڕێت بە ڕاوێژ و ڕاهێنان.  



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×