2021-07-25   550     
هەرچەندە لەماوەی رابردوودا راپۆرتە میدیاییەکان ئەوەیان ئاشکراکرد کە هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارییە سورییەکانی سەر بە ئەنقەرە دەستیانکردووە بە وێرانکردن و هەڵەندنی گۆڕستانی ناوچە جیاوازەکانی عەفرین.
ئاوێنە: بەپێی نوێترین راپۆرتی ناوەندی دیکۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکانی باکووری سوریا، ئەو هێزانە لەپێناو تۆخکردنەوەی گۆڕینی ناسنامەی کوردیانەی ناوچەکە پڕۆسەی وێرانکردنی گۆرستانەکانی ناوچە جیاوازەکانی عەفریانیان چڕتر کردۆتەوە.
لەراپۆرتەکەی ناوەندە سورییەکەدا هاتووە: هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارییە سورییەکانی سەر بە تورکیا بەردەوامن لە تێکدانی گۆڕستانەکانی عەفرین و وێرانکردنی نزرگە و شوێنە پیرۆزەکان و هەڵکەندنەوەی گۆری کەسە ناسراوەکانی ناوچەکە، ئەویش لەچوارچێوەی بەردەوامیدان بە سیاسەتی دەرکردنی زۆرەملێی خەڵک و سڕینەوەی ناسنامەی رەسەنی ناوچەکە و سڕینەوەی لە بیرەوەری و هزری خەڵکەکە.
هەر بەپێی سەرچاوەکانی ناوەندەکە، لەدوایین تاوانی وێرانکردنی گۆرستانەکانی هەرێمی عەفرین، چەکدارانی سەر بە میلیشیای "لیوای سقوور شیمال" کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارییە سوورییەکانی سەر بە ئەنکەرە، دەستیان کردووە بە وێرانکردن و هەڵدانەوەی گۆڕستانی گوندی شێخورزە لە ناحیەی بلبلەی عەفرین.
هەروەک ئەو کێلە قەبرانەی لە بەردی مەڕمەڕ درووستکراون دەرهێنراون و بۆ فرۆشتنەوە بردراون، هەروەک گۆرستانی گوندەکانی حەفتار و عەبودان لە ناحیەی بلبلی بەهەمان شێوە وێرانکراون و بەشێک لە گۆرەکان دەرهێنراون.
راپرۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، لەماوەی رابردووشدا گۆرستانی ناحیەی جندریسی عەفرین و گۆرستانی گوندەکانی حەسەن دیرا لە ناحیەی بلبلە تێکدراون.