لێبڕینی موچە هەڵگیرا
  2021-07-25       652       

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لێبڕینی موچە  هەڵدەگرن و موچەی ئەم مانگە بێ لێبڕین دابەشدەکەن.

ئاوێنه‌: لە وتارێکیدا، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوریی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “بەپشتبەستن بەو بڕە پارەیەی لەلایەن بەغدادەوە نێردراوە و بەو داهاتە ناوخۆییەی لە بەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە، ئەمڕۆ بڕیارماندا بە هەڵگرتنی لێبڕینی موچە”.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دڵنیاییدا لەوەی لەبوونی داهاتی بەردەستی حکومەتی هەرێم و بەردەوامیی بەغداد لەناردنی ئەو بڕە پارەیە، مانگانە موچە بەبێ لێبڕین دابەشدەکرێت، “بەڵام نازانین بەغداد تاچەند بەردەوام دەبێت لەناردنی پارە”.

مەسرور بارزانی وتیشی، ئەرکی حکومەتی هەرێم تەنها دابەشکردنی موچە نییە، موچە یەکێکە لە ئەرکەکان، بەڵام خزمەتگوزاری دیکەی وەک ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیکە، مافی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ئەرکی حکومەتی هەرێمە.

ڕایگەیاند، “ئێمە لە حکومەتی هەرێم ڕاستگۆ و شەفافین لەگەڵ خەڵکی خۆمان، حکومەت دەیەوێت ژێرخانێکی ئابوریی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان بونیادبنێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتمان داوە و تائاستێکیش لەم هەنگاوەدا سەرکەوتوو بووین”.

سەبارەت بە شەپۆلی سێیەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئێستا ڕوبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، مەسرور بارزانی داوای لە هاوڵاتییان کرد پابەندی ڕێنماییە خۆپارێزییەکان بن و بەدەم هەڵمەتی خۆکوتانەوە بچن و ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە وەزارەتی داراییەوە بڵاوكراوەتەوە وا بڕیارە سبەینێ دوو شەممە مووچەی وەزارەتی تەندروستی بەبێ لێبڕین دابەشبكرێت. 



زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×