بەرپرسێکی ڕۆژئاوای کوردستان وردەکاریی دیدارەکەیان لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئاشکرادەکات
  2021-07-26       462       
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممەی رابردوو شاندێکی رۆژئاوای کوردستان بەسەرۆکایەتی ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکردنی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لەکۆشکی ئیلیزێ لەگەڵ ئیمانوئێڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا کۆبونەوە، لەوبارەیەوە بەرپرسێکی ڕۆژئاوای کوردستان وردەکاریی دیدارەکەیان لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئاشکرادەکات، بەپێی ئەوە لەدیدارەکەدا باس لەپشتیوانی‌و سەقامگیریی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان‌و پشتیوانیکردنی کوردانی ڕۆژئاوا بۆ بەشداریکردن لەهەر چارەسەرێک بۆ پرسی سوریا کراوە.

ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی نۆرس پرێس کە پشتی بەلێدوانی غەسان یونس هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی مەدەنی دێرەزور بەستوە، شاندی ڕۆژئاوای کوردستان لەکاتی دیداریان لەگەڵ سەرۆکایەتی فەرەنسا گفتوگۆیان لەسەر بەردەوامی ئیدارەی خۆسەرو بەرپرسیارێتی هەڵگرتنی خەڵکی ناوچەکە کردوە، بەشێوەیەک ئێستا ئەو ئیدارەیە بۆتە بەشێک لەپرسی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، بۆیە زۆر گرنگە بەشێوەی سیاسیی دان بەو ئیدارەیەدا بنرێت.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا یوسف دەڵێت:"لەگفتوگۆکاندا باس لەسەقامگیریی سیاسیی ناوچەکەو هاوکاریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی پاشماوەکانی تیرۆریستانى داعش کراوە، لەبەرئەوەی بونیان لەئایندەدا هەڕەشەیە بۆسەر سەقامگیریی ناوچەکە".

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزور دەڵێت:"لەگفتوگۆکاندا باس لەوەکراوە کە بەشداریکردنی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا لەچارەسەرەکانی پرسی سوریا لەئایندە بۆ خەڵکی ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا زۆر گرنگە".

ئەوەش وتراوە، "نەبونی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا لەو چارەسەرانەی بۆ پرسی سوریا دەخرێنەڕوو، وادەکەن چارەسەرەکان بەئەنجامنەگەن‌و شکستبهێنن".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×