بافڵ تاڵەبانی بۆ لێپرسراوانی مەڵبەندەكانی حزبەكەی: حیزب و ژیانی سیاسی مەدەنی تەندروست بکرێتەوە
  2021-07-26       1640       

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە دەباشان لەگەڵ سەرجەم لێپرسراوانی مەڵبەندەكانی حزبەكەی كۆبۆتەوە رایگەیاندوە"چاوەڕوانیمان لێتان ئەوەیە حیزب و ژیانی سیاسی مەدەنی تەندروست بکرێتەوەو بەرێگای راستەقینەی یەکێتی نوێدا بڕوات."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ لە دەباشان لەگەڵ لێپرسراوی سەرجەم مەڵبەندەکانی یەکێتی کۆبوەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لەکۆبونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی رۆشنایی خستەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان لە ھەرێم و عێراق. ھەڵوێست و ستراتیژی یەکێتی بۆ کۆی ھاوکێشەکان رونکردەوە و  جەختی لە سیاسەتی نیشتمانی و ھاوسەنگی یەکێتی کردەوە بۆ پرسەکان و پاراستنی یەکڕیزی نێو ماڵی کوردی بە گرنگ وەسفکرد."

ئەوەش خراوەتەڕو"لەبارەی بەرپرسیارێتی رێکخراوەیی و حزبی و رۆڵی کادران و ئەندامانی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی بەرچاوڕونیدایە ئامادەبوان و ئەرکی ئەمڕۆی رونکردەوە و رایگەیاند، مەڵبەندەکان و کادرانی رێکخستن شادەماری یەکێتین و ماندوبونیان جێگای ستایش و پێزانینە. پێویستە وەک ھەمیشەش کادر و ئەندامانی یەکێتی خزمەتکاری خەڵک بن و مەڵبەند و ئۆرگانەکانیش ببنەوە بە ماڵی راستەقینەی حیزبایەتی و تێکۆشانی سیاسی و رێکخراوەیی، بەبێ جیاوازی پردی پەیوەندی گەیاندنی دەنگی کۆمەڵانی خەڵک بن بە یەکێتی و حکومەت."

بەپێی راگەیەندراوەكە بافڵ تاڵەبانی بە لێپرسراوی مەڵبەندەکانیشی وت "چاوەڕوانیمان لێتان ئەوەیە حیزب و ژیانی سیاسی مەدەنی تەندروست بکرێتەوە و بەرێگای راستەقینەی یەکێتی نوێدا بڕوات."

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە بافڵ تاڵەبانی لێپرسراوانی مەڵبەندەكانی حزبەكەی "راسپارد، کادران و ئەندامانی ھۆشیاری یەکێتی لەم ھەنگاوانەی چاکسازی لە حیزب و حکومەت ئاگاداربکەنەوەو ئەو چاکسازییە بکەنە بەڵگەی دەستەگوڵی یەکێتی بۆ ھاوڵاتییان و دەستمایەی سەرکەوتنی لیستی ھاوپەیمانی کوردستان لەم ھەڵبژاردنەدا."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×