بایدن: پابەند دەبین بە پشتیوانیكردنی حكومەتی عێراق بۆ روبەڕوبونەوەی داعش
  2021-07-26       540       

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لەڕوی ئەمنییەوە پابەند دەبن بە پشتیوانیكردنی حكومەتی عێراق بۆ روبەڕوبونەوەی داعش و جەختیشی كردەوە كە شەراكەتی ئەمریكاو عێراق بەردەوامەو پابەنددەبین پێوەی. مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش رایگەیاند، خۆشحاڵە بە بەردەوامیی هاریكاریی نێوان وڵاتەكەی و ئەمریكا.

ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكاو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆشكی سپی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا قسەیان كرد.
جۆ بایدن وتی، شەراكەتی ئەمریكاو عێراق بەردەوامەو ئیدارەكەی پابەنددەبێت بەو شەراكەتەوە.

سەرۆكی ئەمریكا، ئەوەشی وت، رۆڵی ئەمریكا لە عێراق تەركیز دەخاتە سەر هاوكاریی مەشقپێكردنی هێزە عێراقییەكان و جەختیشی كردەوە لەڕوی ئەمنییەوە پابەنددەبین بە هاوكاریكردنی حكومەتی عێراق بۆ روبەڕوبونەوەی داعش.

وتیشی، وڵاتەكەی دەیەوێت بەردەوام بێت لە پشتیوانیكردنی عێراق لەڕوی هەواڵگرییەوە بەڵام هێزە شەڕكەرەكانیان هیچ ئەركێكیان نابێت لەعێراق.

لای خۆیشییەوە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی، شەراكەتی عێراق لەگەڵ ئەمریكا شەراكەتێكی ستراتیژییەو پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵات لە هەر كاتێك بەهێزترن.

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەشی وت، خۆشحاڵە بە بەردەوامیی هاریكاریی نێوان بەغداو واشنتۆن و پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات لەسەر ئاستی جیاجیان لەوانە تەندروستی و كولتوری.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×