بڵێسە جەبار فەرمان: لەئەگەری سەركەوتنی سەدریەكان، عێراق دەبێتە كۆمارێكی ئیسلامی
  2021-07-27       776       
ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەڕلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، كێشەی نێوان سەركردەكانی شیعە رۆژ بە رۆژ رووی لە زیاد بوونە و لەئەگەری سەركەوتنی سەدریەكان، عێراق دەبێتە جمهوریەتێكی ئیسلامی.


ئاوێنە: بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەڕلەمانی عیراق لەنوسینێكدا كەلەپەیجی خۆی لەفەیسبوك بڵاویكردوەتەوە دەڵێت، “نوری مالكی یەكێك لە ئەستێرە سیاسیە دیارەكانی شیعە بوو، ساڵانێكە تیشكی روو لە كز بوونە، لە سەردەمی نوری مالكی دا زۆرترین تەقینەوەو وێرانكاری ھەبوو كە بە هەزارەها ھاووڵاتی تێیدا بوون بە قوربانی، ئەمە بێجگە لە لەدەست دانی نیوەی خاكی عیراق بە رێكخراوی تێرۆریستی داعش و شكانی شكۆی حكومەت و سوپای عیراقی”.


دەشڵێت،” گەندەڵیش لەسەردەمی ئەو زۆر زۆر بوو، هەروەها یەكێكی تر لەسەركردە شیعەكان مقتەدا سەدرە، كە ئەستەمە بتوانرێت پرۆفایلی بۆ دروست بكرێت، زۆرێك لەو بڕوایەدان كە كەسێكە، قوڵایی سیاسی نیەو ئاستی خوێندەواری نزمە و تەنانەت لە ئاین و مەزھەبدا زۆر قوڵ نەبۆتەوەو زانیاری نییە”.


ئاماژەی بە ئەوەشكردووە، “ئەم سەركردەیە كە بەدروستكەری پاشاكان ناو دەبرێت “صناع الملوك”، ڕاو بۆچوونی خۆی زوو زوو دەگۆڕێت، لە لایەك سەرۆك وەزیران و زۆربەی وەزیرەكانی كابینەی حكومەت دەستنیشان دەكات ولە حكومەت دا بەژدارەو لە لایەكی ترەوە خۆی وەكو ئۆپۆزسیون پیشان دەدات، ھەركات وەزیركانی گەندەڵكار دەرچوون و دەسەڵاتی خۆیان خراپ بەكار ھێنا ئەوا خۆی لێیان بێبەری دەكات، وەك ئەوەی سەر بە رەوتەكەی ئەو نەبن، هەروەها داوا دەكات دەسەڵاتی یاسایی بەرزترین دەسەڵات بێت و خۆی دەسەڵاتی یاسای تایبەت بە خۆی ھەیە، داوا دەكات چەك تەنھا بەدەست حكومەتەوە بێت و خۆی خاوەنی ھێزێكی بەھێزی چەكدارییە، سەرایە سەلام و جەیشی مەهدی و هی تریشی هەیە”.


ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەئێستادا ڕەوتی سەدر هەرچەندە بانگەشەی كشانەوەی لە هەڵبژاردنەكان كردووە بەڵام “تا ئەمرۆ بە شێوەیەكی فەرمی نوسراوی ئاراستەی كۆمیسیونی ھەڵبژاردنەكان نەكردوە كە ئەمەش لە خۆی دا جێی گومانە و بە تاكتیكێك ئەژمار دەكرێت بۆ دوبارە ئاشت بوونەوەی لەگەل رەوتی خۆپیشاندەرانی تشرین. لە ئەگەری بردنەوەی لە ھەڵبژاردنەكان بێگومان ئاڵوگوری گەورە لە سیاسەت و یاساكانی عیراق دا دەكات و وڵات زیاتر بەرەو بوونی بە جمهوریەكی اسلامی شیعەیی دەبات، هەروەها سەدر ئەگەر هەڵبژاردن بباتەوە عیراق دەبێتە كۆماری ئیسلامی عیراق.”
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×