هەپەگە هۆشداریی به‌پارتى ده‌دات
  2021-07-29       437       

له‌سه‌ر شه‌ڕى نێوان هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌و گروپێكى گه‌ریلاى په‌كه‌كه‌ له‌ناوچه‌ى خه‌لیفان له‌سنورى پارێزگاى هه‌ولێر هەپەگە هاته‌ده‌نگ‌و هۆشداریی به‌پارتى ده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "پێشئەوەی سنوری ئارامیمان تێپەڕێت‌، چاوەڕێدەکەین کە پەدەکە لەزوترینکاتداو بێئەوەی کە زانیارییەکان پێچەوانە بکاتەوە، سەبارەت بەچارەنوسی ئەو هەڤاڵانە، زانیاریی متمانەپێکراو بڵاوبکاتەوە".

ئاوێنه‌: به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە، گروپێکی بچوکی گەریلا لەچوارچێوەی ئەرکەکانیاندا ویستویانە لەشوێنێکەوە بچن بۆ شوێنێکی دیکە، پاشئەوەی کە گەیشتونەتە ناوچەی خەلیفان، لەڕۆژی 26ى ئه‌م مانگه‌ پەیوەندییان پچڕاوە.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەخەڵکی ناوچەکە وەرمانگرتون، هێزێکی پەدەکە ئەو گروپەمانیان گەمارۆداوەو هێرشیانکردونەتەسەر کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەند هەڤاڵێکمان شەهیدبون، بەپێی زانیارییەکانی خەڵکی ناوچەکە، هێزەکانی پەدەکە لەو شوێنەدا بڵاوبونەتەوەو ڕێگە بەهاتوچۆی هیچ کەسێک نادەن".

هه‌په‌گه‌ ئه‌وه‌شى ئاشكراكردوه‌، "لەهەمانکاتدا بەرپرسانی پەدەکەش لەڕاگەیاندنەکانی خۆیاندا ڕایانگەیاند لەناوچەی خەلیفان پێکدادانێک هاتووەتە ئاراوە‌، سەبارەت بەچارەنوسی ئەو هەڤاڵانەمان نیگەرانیی خۆمان ڕادەگەیەنین‌و دەڵێین، کە هیچ واتایەک لەو کردەوەیەدا نابینین، ئەم کردەوانە قبوڵناکەین، ئەم هەڵوێستە هەروەکو بەڕونیی دیارە، تەنیا خزمەت بەدوژمنەکانی گەلی کورد دەکات".

هۆشداریشده‌دات‌و په‌یامێكى ئاراسته‌ى پارتى كردوه‌و ده‌ڵێت:"پێشئەوەی سنوری ئارامیمان تێپەڕێت‌ چاوەڕێدەکەین کە پەدەکە لەزوترینکاتداو بێئەوەی کە زانیارییەکان پێچەوانە بکاتەوە، سەبارەت بەچارەنوسی ئەو هەڤاڵانە، زانیاریی متمانەپێکراو بڵاوبکاتەوە".

له‌كۆتاییشدا هاتوه‌، "لەم قۆناغە هەستیارە مێژوییەدا، بانگەوازیی لەگەلی کورد دەکەین، سەبارەت بەم هێرشە کە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەلەکەمانی کردوەتە ئامانج، هۆشیاربن‌و داوا لەهەموو لایەنە سیاسییە پەیوەندییدارەکان دەکەین، کە لەپێناو ئەرکە نەتەوەییەکانیاندا هەست بەبەرپرسیارێتیی بکەن".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×