"ئەیاز" وتی: "ئەو شاهێدیەمان بەزۆرو لەژێر ئەشكەنجدا لێ وەرگیراوە"
  2021-07-29       856       

پەرلەمانتارێكی كوردستان كە ئامادەی دانیشتنی دادگاییكردنی ئەمڕۆی دو چالاكوانی دەستگیركراوی بادینان بو، رایگەیاند، پێنج شاهید بانگكران بۆ شاهێدی دان دژی تۆمەتباران كە ئەوانیش پێنج سزادراوی بادینان بون. دەشڵێت، ئەیاز كەرەم، یەكێك لە شاهێدەكان بە دادگاو دادوەری وت"ئەو شاهێدیەمان بەزۆرو لەژێر ئەشكەنجەدا لێ وەرگیراوە."

ئاوێنە: عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"ئەمڕۆ، ٢٩ی‌ ٧ی‌ ٢٠٢١، ئامادەی‌ دانیشتنێکى ترى دادگا بوین بۆ دادگاییکردنی‌ چالاکەوان‌و ئازادیخوازانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆک."

وتوشیەتی"تۆمەتباران دو جوامیری‌ بادینان، مامۆستا بەدەل بەرواری‌ کە پیشەکەی‌ مامۆستایەو کاک ئومێد بەرۆشکی‌، کە چالاکی‌ مەدەنیەو قوتابی‌ ئامادەییە، دانیشتوی‌ پارێزگای‌ دهۆک."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو"تۆمەتەکان هەمان تۆمەت بون، کاری‌ تێکدەران و دروستکردنی‌ گروپ‌و هەوڵدان بۆ تێکدانی‌ ئاسایش‌و ئارامی‌ خەڵک‌و بەشداری‌ خۆپیشاندان و ناڕەزایی‌ و قسەکردن لەسەر گەندەڵی‌!"

بەپێی قسەی عومەر گوڵپی "سەرەتای‌ دانیشتنی‌ دادگا، پێنج دەقیقەی‌ وەستا، بەهۆی‌ هاوارو ناڵەی‌ ئازادی‌ ئازادی‌ کەس‌و کاری‌ دەستگیرکراوانی‌ بادینان."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو"پارێزەران داوایان کرد، ئاسایش‌و نوێنەرەکەی‌ ئەنجومەنی‌ ئاسایش لە هۆڵی‌ دادگا بچنە دەرەوە، چونکە ئەوان خۆیان سکاڵاکارن‌و لە زیندانی‌ خۆشیاندا بون، داواکاری‌ گشتی‌ ئامادەیە لە بری‌ ئەوان‌و مافی‌ گشتی‌، بەڵام دادوەر داواکەی‌ ڕەتکردەوە. بە پێچەوانەی‌ یاساو هەمو مافێکی‌ تۆمەتبار، پاش یانزە مانگ لە زیندانی‌ لە نێو هۆڵی‌ دادگادا پارێزەریان بۆ دانرا."

ئاماژەی بەوەشداوە "هەمو بەڵگەیەک هەواڵدەری‌ نهێنیە، بێ ناو، بێ ناونیشان، بێ ئامادەبون، پارێزەران داوایان کرد هەواڵدەری‌ نهێنی‌ ئامادەبێت تا پرسیاری‌ ئاڕاستە بکەن، بەڵام دادگا داواکەی‌ ڕەتکردنەوە."

ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی"پێنج شاهید بانگ کران بۆ شاهیدی‌ دان دژی‌ تۆمەتباران، کە ئەوانیش هەر لە چالاکوانانی‌ بادینان بون، (هەریوان، گوهدار، ئەیاز، شڤان، شیروان شێروانی‌) زۆرینەی‌ ئیفادەکانیان ڕەتکردەوە."

عومەر گوڵپی ئەوەشی وتوە: ئەیاز بە دادگاو دادوەری‌ وت: "ئەو شاهیدیەمان بە زۆرو لە ژێر ئەشکەنجەدا لێ وەرگیراوە، ئەگەرنا ئەمانە مرۆڤی چاک‌و پاک‌و بەسودو بێ زیانی‌ بادینانن، هەمو کەس شایەتی‌ چاکەیان بۆ دەدات"، شیروان شیروانی‌ وتی‌: "هەمو ئەم شاهیدیە ڕەتدەکەمەوە، ئەوە هەموی‌ درۆو دەلەسەی‌ دەزگا ئەمنیەکانی‌ پارتییە و بەزۆری‌ هەڕەشە لێمان وەرگیراوە، ئەگەرنا من لەگەڵ ئەم دو تۆمەتبارە پەیوەندیمان نەبوەو گروپ‌و ڕێکخراوی‌ هاوبەشمان نەبوەو لە دورەوە ناسیومن وەک دو مرۆڤی‌ چاک‌و باش کە بەشێوەیەکی‌ مەدەنیانەو بە چالاکی‌ مەدەنیانە داوای‌ مافی‌ خۆیان‌و هاوڵاتیانیان کردوە، ئەمانە دو مرۆڤی‌ بە شەرەف‌و بە کەرامەتی‌ دهۆکن، ئەمە شاهیدی‌ منە، ئەوەی‌ نوسراوە درۆیەو جاری‌ تریش ڕەتمکردوەتەوە"، واتە هەمو شاهیدیەکان لە بەرژەوەندی‌ تۆمەتباران بون نەوەک دژیان!."

هەروەك ئەوەشی وتوە"بەهۆی‌ ئامادە نەبونی‌ دو شاهید، دادگاییەکە دواخرا بۆ مانگی‌ ٩ی‌ ئەمساڵ!"

عومەر گوڵپی هێمای بۆ ئەوەش كردوە"ئەوەی‌ ئێمە بینینمان ئەوەبو کە ئەم کەسانە خەڵکی‌ باش، بە خزمەت، پەروەردەکار، میدیاکارو چالاکەوانن‌و خاوەن کەسایەتی‌ ڕاقی‌ کۆمەڵایەتین، دڵسۆزی‌ گەل‌و وڵات‌و شاری‌ خۆیانن، بێ زیانن، هیچ بەڵگەیەکیش نیە بیسەلمێنێت بچوکترین زیان‌و نیەتی‌ خراپەیان هەبوە بەرانبەر خەڵک‌و وڵاتەکەیان، ئەوەی‌ تاوانی‌ ئەم دو تۆمەتبارەو هاوڕێکانی‌ تریشیانە تەنهاو تەنها ترسی‌ دەسەڵاتە لە ناڕەزایی‌، لە خۆپیشاندانی‌ مەدەنیانە، لە مرۆڤێک بتوانێت شێوەیەکی‌ مەدەنی‌‌و شارستانیانە هاواری‌ ئینسانیانەی‌ خۆی‌ بکات، باس لەگەندەڵی‌‌و ناعەدالەتی‌ دەسەڵات بکات، هیچی‌ تر."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×