کونسوڵخانه‌ى چین شه‌قامێكى هه‌ولێر ڕوناك ده‌كاته‌وه‌
  2021-07-29       313       

کونسوڵی گشتیی وڵاتی چین لە هەرێم رایگەیاند، کونسوڵخانه‌كەیان شه‌قامێكى هه‌ولێر ڕوناك ده‌كاته‌وه ئەوەش "له‌ڕێگه‌ى چه‌قاندنى (90) ستونى روناككردنه‌وه‌ كه‌ به‌تیشكى خۆر كارده‌كەن."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی پارێزگای هەولێر، نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە نی رۆکی، کونسوڵی گشتیی وڵاتی چین لەهەولێر کرد.

لەسەرەتای دیدارەکەدا، کونسوڵی گشتیی وڵاتی چین، رایگه‌یاند: "به‌مه‌به‌ستى پته‌وكردنى دۆستایه‌تى له‌ مێژینه‌ى نێوان گه‌لى چین و گه‌لى كوردستان، ده‌مانه‌وێت خزمه‌تێك پێشكه‌ش به‌شارى هه‌ولێر بكه‌ین، ئه‌مڕۆ هاتوین بۆئه‌وه‌ى ڕایبگه‌یەنین له‌ڕێگه‌ى چه‌قاندنى (90) ستونى ئیناره‌ى روناككردنه‌وه‌ كه‌ به‌تیشكى خۆر كارده‌كەن و له‌ باشترین و پێشكه‌وتوترین جۆرن، یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌كانى ئه‌و شاره‌ روناك بكه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ڕابگەیەنین كه‌ به‌منزیكانه‌، (100) هه‌زار ڤاكسینى دیكه‌ "سینۆفارم"ى چینى ده‌گه‌یەنین به‌ هه‌رێمى كوردستان."

لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی کۆنسوڵی گشتی وڵاتی چین، ڕایگه‌یاند: "به‌ناوى حكومه‌تى هه‌رێم و پارێزگاى هه‌ولێر و خه‌ڵكى شاره‌كه‌مان سوپاسى ئەو هاوکاری و یارمەتییانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ماوه‌ى ڕابردو پیشكه‌شتان كردوین و به‌رده‌وامن و ئێستاش شه‌قامێكى شاره‌كه‌مان روناك ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌نزیكترین كاتدا تیمه‌كانى ئه‌ندازه‌و هونه‌رى خۆمان ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ شه‌قامێك دیارى بكه‌ین بۆ ده‌ستپێكردنى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، كه‌ هه‌م پڕۆژه‌یه‌كه خزمه‌ت به‌ ژینگه‌ى شاره‌كه‌مان ده‌گه‌یەنێت و هه‌میش ئه‌و لۆده‌ى كه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر تۆره‌كانى كاره‌با كه‌م ده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاسی وڵاتی چین و گەلەکەی دەکەین، بۆ ئەو هاوکاری و یارمەتییە تەندروستییانەی کە هەر لەسەرەتای هاتنی ڤایرۆسى کۆرۆنا پێشکەشی هەرێمی کوردستانتان کردوە، بەتایبەتی کە ئێوە یەکەم وڵات بون ڤاکسینی کۆرۆناتان گەیاندە هەرێمی کوردستان، دوباره‌ زۆر سوپاستان ده‌كه‌ین كه‌ به‌دیارییه‌كى به‌نرخ ئه‌مڕۆ هاتونته‌لامان و ئێمه‌ش وه‌كو پارێزگاى هه‌ولێر ئاماده‌ین بۆ هه‌مو ئاسانكارییه‌ك و هاوكارییه‌ك."

له‌ته‌وه‌رێكى ترى دیداره‌كه‌دا، تەئکید لەسەر پتەوکردن و په‌ره‌پێدانى پەیوەندییەکان نێوانيان كرايه‌وه‌ و هه‌ردولا جه‌ختیان له‌سه‌ر هەماهەنگی و هاوكارى نێوان چین و هەرێمی کوردستان بەگشتیی و هەولێر پایته‌خت بەتایبەتی كرده‌وه‌.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×