كازمی: بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت خزمەت بە هیچ كەسێك ناكات
  2021-07-29       330       

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەیشتەوە وڵات و سەردانەكەی بۆ ئەمریكا بە لوتكەی رێكخستن و پتەوكردنی بنەماكانی پەیوەندی و شەراكەتی هەمیشەیی لەگەڵ ئەمریكا ناوبردو راشیگەیاند، بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت خزمەت بە هیچ كەسێك ناكات.

ئاوێنە: بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەكەی، ئێوارەی ئەمڕۆ، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەفدی حكومی یاوەری، گەیشتونەتەوە وڵات و كۆتاییان بە سەردانە چەند رۆژەییەكەیان بۆ ئەمریكا هێناوە.

بە گوێرەی بەیاننامەكە مستەفا كازمی، و سەردانەكەی بۆ ئەمریكا بە لوتكەی رێكخستن و پتەوكردنی بنەماكانی پەیوەندی و شەراكەتی هەمیشەیی لەگەڵ ئەمریكا لەسەرجەم بوارەكاندا لەنێویشیاندا بواری ئەمنی، ئابوری، تەندروستی، كولتوری، وزە، ژینگەو وەبەرهێنان، ناوبردوە.

كازمی جارێكی دیكە جەختی كردۆتەوە كە لەگەڵ واشنتۆن رێككەوتن تاوەكو 31ی كانونی دوەمی ئەمساڵ هیچ هێزێكی شەڕكەری ئەمریكا لە عێراق نامێنێت.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە 17 هەزار پارچە شوێنەواری عێراق لەلایەن ئەمریكاوە رادەستی عێراق كراونەتەوەو لەگەڵ وەفدەكەدا بە هەمان فڕۆكە بۆ عێراق گەڕێنراونەتەوە.

هەر بەپێی بەیاننامەكە، كازمی متمانەی خۆی بە بەشدرایی گەلی عێراق لە هەڵبژاردنی پێشوەختدا دوپاتكردۆتەوەو رایگەیاندوە، بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكان خزمەت بە هیچ كەسێك ناكات و "كاری جددیمان هەیە لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×