به‌له‌مێك به 13 كۆچبه‌ره‌وه له ده‌ریای ئیجەو لە نزیك دورگه‌ی "لێسڤۆسی" یۆنان به‌رامبه‌ر كه‌ناراوه‌كانی توركیا ژێر ئاو كه‌وت. تا ئێستا 10 كۆچبه‌ر ڕزگاركراون و 3 كۆچبه‌ریشیان نادیارن.
ئاوێنە: ماڵپەڕی "پشتی-نیوز"، كە روماڵی پرسەكانی تایبەت بە كۆچبەرو پەنابەران دەكات، كەمێك لەمەوبەر بڵاویكردەوە، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هەینی، به‌له‌مێك به 13 كۆچبه‌ره‌وه له كه‌ناراوه‌كانی توركیا به‌ڕێكه‌وت به‌ره‌و دورگه‌ی لێسڤۆسی یۆنان، به‌هۆكارێكی نادیار، به‌له‌مه‌كه له سنوری نێوان ئاوی یۆنان و توركیا، ژێر ئاوكه‌وت.
ئاماژەی بەوەشداوە كە هێزی ده‌ریاوانی یۆنان توانیویەتی 10 كۆچبه‌ر رزگاربكات و سێ لە كۆچبەرەكانیش تا ئێستا نادیارن.
به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی هێزی ده‌ریاوانی یۆنان، تایبه‌ت به پشتی-نیوزی وت: دو یه‌ختی هێزی ده‌ریاوانی یۆنان و هه‌لیكۆپتێرو باخیره‌یه‌كمان له شوێنی روداوه‌كه‌ن و به‌مەبەستی گەڕان بەدوای سێ كۆچبه‌ره‌كه‌ی دیكه. شوێنی روداوه‌كه له باكوری دورگه‌ی لێسڤۆس بوه لەنێو ئاوی یۆنان، نزیك له سنوری ئاوی توركیا. بۆ سه‌لامه‌تی ژیانی كۆچبه‌ره‌كان، هێزی ده‌ریاوانی توركیاش ئاگاداركرایه‌وه. تا ئێستا سێ كۆچبه‌ر نادیارن.