كورد چاوه‌ڕێی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ كورسیه‌كی‌ پارێزگای سەڵاحەدینه‌
  2021-07-30       538       
كورد چاوه‌ڕێی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ كورسیه‌كی‌ پارێزگای سەڵاحەدینه‌و بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش ده‌ڵێت، ڕەنگە کورسیەکی پەرلەمانی عێراق لەپارێزگاكه‌ بەدەستبهێنن.


ئاوێنه‌: مەلا کەریم شکور، بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی به‌دەنگی ئەمریکای‌ ڕاگه‌یاندووه‌، "کورد لەخورماتوو کاندیدی کەمە، یەکێتی یەک کاندید و پارتیش کاندێدێکی هەیە، لەکاتێکدا عەرەب و تورکمان کاندیدیان زۆرە، بۆیە ڕەنگە کورسیەکی پەرلەمانی بەدەستبهێنین."

بەرپرسەکەی یەکێتی ئاشکراشیکرد، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانن و لەگەڵ حیزبی شیوعیش لەسەر ئاستی محەلی ڕێککەوتوون، لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەکانیش لێکتێگەیشتنیان هەیە و دەیانەوێت لێکتێگەیشتنەکە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی وتەی مەلا کەریم شکور، ژمارەی دەنگدەری کورد لە پارێزگای سەڵاحەدین نزیکەی 37 هەزار دەنگدەرە، لەو ژمارەیە 7 بۆ 10 هەزاری لەدەرەوەی خورماتوون، ئەوانیتر لەناو شارەکەن، وتی"کۆمیتەمان دروستکردووە، تا لەڕۆژی هەڵبژاردن، ئەوانەی لە دەرەوەی خورماتوو دەژین، بیانبەینە سەر سندوقەکانی دەنگدان."

پێشتر زۆرترین کێشمەکێش و ململانێ لەنێوان کورد و تورکماندا لە خورماتوو ڕوویداوە و دەیان کەس لەهەردوولا کوژراون، بەڵام بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی دەڵێت، "هیچ ڕێگریەک نییە لەبەردەم ئیش و کارەکانماندا، لەگەڵ دەزگا ئیداری و ئەمنیەکان پەیوەندیمان باشە، پێکهاتەکانیش لەوە تێگەیشتوون، خەڵک ژیانی دەوێ، نەک کێشە."

مەلا کەریم شکور نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی گەڕەکە کوردنیشینەکانی خورماتوو بێ خزمەتگوزارین، وتی، "هەفتە نیە، وەفدێکمان نەڕواتە تکریت و بەغدا بۆ هێنانی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکە کوردنیشینەکان."

مەلا کەریم شکور جەختیکردەوە، جیاوازی دەکرێت لەنێوان گەڕەکە کوردنیشین و گەڕەکە تورکمان و عەرەب نیشینەکاندا، گەڕەکە کوردنیشینەکان بێ خزمەتگوزارین، لەکاتێکدا گەڕەکەکانی تر پرۆژەی باشیان بۆ کراوە، وتی"وەکو حیزبە کوردیەکان کۆبووینەوە و نیگەرانیمان لەسەر پەراوێزخستنی گەڕەکە کوردنیشینەکان داوەتە ئیدارەی خورماتوو."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×