میدیای‌ نزیك له‌په‌كه‌كه‌: دوای کۆبونەوەی باڵیۆزی تورکیا لەگەڵ سێ بارزانیەکە قەندیل بەچڕی بۆردومانکرا
  2021-07-30       1539       
به‌پێی‌ هه‌واڵێكی‌ نزیك له‌میدیای‌ نزیك له‌پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان -په‌كه‌كه‌، دوای رۆژێک لەکۆبونەوەی باڵوێزی تورکیا لەعێراق لەگەڵ مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارانی، سوپای‌ توركیا لەڕێگەی چەندین فڕۆکەی جەنگیییەوە زیاتر لەهەشت ناوچەی قەندیلی بەچری بۆردومانکردووه‌.

ئاوێنه‌: دوێنێ پێنجشەممە، ئالیرەزا گونەی‌، باڵیۆزی تورکیا لەعێراق لەگەڵ هەریەکە لەمەسعود بارزانی‌ سەرۆکی‌ پارتی‌، نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆکی‌ هەرێم‌و مەسرور بارزانی‌ سەرۆکی‌ حکومەتی هەرێم کۆبووەو پرسی ناوچەسنورییەکان تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکانیان بو.

میدیای‌ نزیك له‌په‌كه‌ك نوسیویه‌تی‌، "هەر دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر لەکۆبونەوەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بۆردومانی گوندەکانی ئیندزە، لێوژە، زەنگەلین، کونەکۆتر، ماونان، گەلی تەوەرەش-ی بناری قەندیل‌و چەند گوندێکی سنوری وەرتێیان کرد."

هەروەها، "شەوی ڕابردو دوبارە فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک بەچڕی و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بۆردومانی‌ هەشت شوێنی بناری‌ قەندیل و برادۆستیان کرد."

ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ "ناوچەکانی کورتەک، بۆکریسکان، زێوکە، ئیندزێ، لێوژە، بەردقەڵشیو، قەڵاتوکان و چیای بێرمکە ئەو ناوچانەی لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆردومانکران‌و لەئەنجامی بۆردومانەکەدا ڕەزو باخ و پوش و پاوانی ناوچەکە ئاگری تێبەربو."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×