سەركردەیەكی رەوتی سەدر: داعش لە توركیاوە بەناو هەولێر و كەركوكدا دێنە باكوری بەغدا
  2021-07-31       786       

حاكم زاملی، سەركردە لە رەوتی سەدر رایگەیاند، داعش لە توركیاوە بەناو هەولێرو كەركوكدا دێنە پارێزگای دیالەو باكوری بەغدا بۆ ئەنجامدانی چالاكییەكانیان كە رۆژ بە رۆژ لە زیادبوندان. داواش لە مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەكات، گوشار لە توركیاو هەرێمی كوردستان بكات بۆ رێگەگرتن لە هاتنی داعش.

ئاوێنە: حاكم زاملی، ئەمڕۆ شەممە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لەم رۆژانەی دواییدا چالاكی چەكدارانی داعش بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردوە، بەشێوەیەك لە یەك رۆژدا چەندین هێرشیان لە چەند شوێنێكی جیاواز ئەنجامداوە كە دابەشدەبن بەسەر ناحیەی یەسرب و ناوچەی زەرگە لە پارێزگای سەڵاحەدین و ناوچەی حەڵوان لە پارێزگای دیالە و ناوچەی عەگبە لە قەزای هیتی سەربە پارێزگای ئەنبار.

ئەو سەركردەیەی رەوتی سەدر باسی لە بونی "هێڵێكی تیرۆریستی نوێ" كردوە كە لە توركیاوە بەناو هەولێرو كەركوكدا درێژدەبێتەوە بەرەو پارێزگای دیالەو باكوری بەغدا بەتایبەت ناوچەی تارمیە بەمەبەستی ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی لە بەغداو پارێزگاكانی تر.

حاكم زاملی داوای لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق كردوە دەست بە ئۆپەراسیۆنێكی گشتگیرو بەرفراوان بكەن لە باكوری بەغداوە بەرەو دیالەو سەڵاحەدین و كەركوك و ئەنبار بۆ دانانی سنورێك بۆ چالاكییەكانی داعش كە رۆژ لەدوای رۆژ لە زیادبوندان.

سەركردەكەی رەوتی سەدر، هەروەها داواشی لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق كردوە گوشار بخاتە سەر توركیاو هەرێمی كوردستان بۆ رێگەگرتن لە هاتنی داعش و جەختیشی لە گرنگی دروستكردنی چەند كەناڵێكی پەیوەندیی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی ئەمنی و هەواڵگری لەگەڵ هەرێمی كوردستان و توركیا كردۆتەوە بۆ دانانی سنورێك بۆ هێرشەكانی داعش.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×