قوباد تاڵەبانی: ئێمە دەمانەوێت ئارامی و سەقامگیری بگەڕێنینەوە
  2021-07-31       210       
قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان سەردانی مەکۆی سەرەکیی بزوتنەوەی گۆڕانی لە سلێمانی کرد، بۆ دیاریکردنی میکانیزمی چۆنێتی کارکردنی هاوپەیمانێتییەکە لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا.

ئاوێنه‌: دوای كۆبوونەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، “لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا میکانیزم و چۆنێتیی کارکردنی هاوپەیمانییەکەمان لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا دیاریکرد، ئەرکەکانمان بەسەر لیژنە هاوبەشەکانماندا دابەشکرد”.

قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە، هەموو هێزێکیان لەم قۆناغەدا کە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە، کۆدەکەنەوە بە ئامانجی سەرخستنی هاوپەیمانییەکە “تاوەکو باشترین خزمەت بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەین”.

وتیشی، “ئێمە دەمانەوێت ئارامی و سەقامگیری بگەڕێنینەوە، دەمانەوێت کورد لە بەغداد پێکەوەبێت تاوەکو بە بەهێزی بەرگری لە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین”.

لای خۆیەوە دەرباز محەمەد بڕیاردەری هاوپەیمانی کوردستان ڕایگەیاند، “کۆبوونەوەکانمان بەردەوامییان دەبێت و بەشێکە لە ڕاییکردنی کاری هاوپەیمانییەکە، ئێمە دەمانەوێت ئارامی بۆ پرۆسەی سیاسی و ئەو پەیوەندییانەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد هەبووە، بگەڕێنینەوە”.

لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ڕێککەوتنێکیان واژووکرد بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک (هاوپەیمانی كوردستان) بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×